جام کوردی - مونیرە پوری بەڕێوەبەری دامەزروەی ڕۆشنبیری و هونەری شارۆ کە خولی یازدەیەمی ئەم فێستیڤاڵە ساز دەکات، وتی: فێستیڤاڵی مۆسیقای بەیت و حەیران کە تاکوو ئێستا دە جار لەسەر ئاستی پارێزگا و ناوچەیی و نیشتمانی بەڕێوەچووە، بۆ ئێمە تەنیا بۆنەیەکی هونەری نییە، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ زایەڵەی فەرهەنگ و هونەری مۆسیقای زاگرۆس و ئێران. بە لەبەرچاوگرتنی ئامادەیی کاریگەرمان لە خەلەکانی پێشووی ئەم فێستیڤاڵەدا و لەسەر پێشنیاری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی قەزای سەردەشت، بەڕێوەبردنیفێستیڤاڵی یازدەهەم بە دامەزروەیشارۆ سپێردرا. بەو پێیەی کە هۆڵەکانی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و هۆڵی نوێی "هەفتی تیر"یش لە بەردەستی دامەزراوەکەماندا بوون، ئەم پێشنیازەمان قبوڵ کرد تا بتوانین هەنگاوێکی نوێ بەرەو بەرزکردنەوەی کەلتوور و هونەری ئەم خاکە هەڵبگرین.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هیوادارین ئەم خولەی فێستیڤاڵ، نەک هەر بۆنەیەکی هونەری، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیش بێت بۆ زیندووڕاگرتنی میراتی مۆسیقایی.

پوری، کە ئەزموونی کارکردنی لەگەڵ بەشی کاروباری ژنانی قایمقامیەتی سەردەشت هەیە، سەبارەت بە توانای مۆسیقایی ناوچەیی بۆ بەکارهێنان لەو فێستیڤاڵەداگوتی: مۆسیقای ناوچەیی هەر ناوچەیەک لە ڕاستیدا ئاوێنەی ژیانی خەڵکی ئەو خاکەیە؛ مۆسیقا کە لە دڵی مێژوو، بیروباوەڕ، ڕێوڕەسم و داب و نەریتەوەسەری هەڵداوە. لەم جۆرە مۆسیقایەدا، جوگرافیا، کەشوهەوا، جۆری بژێویو تەنانەت شێوازی کارکردن و ژیان لەگەڵ سروشت ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە مۆسیقای ناوچەیی تەنها نمایشێکی هونەر و تەکنیک نییە، بەڵکو گێڕانەوەی بوونی مرۆڤ و خەم و خۆشی و خۆشەویستی و ئازارە لە باوەشی خاکەکەیدا.

سەبارەت بە دابەزینی حەز و خولیای نەوەی گەنج بۆ مۆسیقای نەتەوەیی خۆیان، ئاماژەی بەوەکرد: لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە داڕشتنی سەلیقە و شوناسی کەلتووری نەوەی گەنجدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن،پێداچوونەوە و دووبارەناساندنی مۆسیقای ناوچەیی بە زمانێکی نوێ وبنەڕەتی پێویستە. ئەمڕۆ ئەگەردەمانەوێت نەوەی نوێلە بەرامبەر شەپۆلیکەلتوورە جیهانیەکانداتووشی پچرانی شوناس نەبێت، دەبێ بە جوانیناسی مۆسیقای ڕەسەن و ڕەگ و ڕیشە کولتوورییەکانیانئاشنایان بکەین.

بەڕێوەبەری دامەزراوەی ڕۆشنبیری و هونەری شارۆ ڕایگەیاند: ئەم هۆشیارییە تەنیا لە ڕێگەی پەروەردەوە دابین ناکرێت؛ بەڵکو بە بەشداریکردنی گەنجان لە بەرهەمهێنان و بەڕێوچوون و بەڕێوەبردنی بەرنامە ڕۆشنبیرییەکاندا، دەتوانرێت هەستی سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتی کەلتووری تیایاندا بوروژێندرێت. لەم نێوەندەدا مۆسیقای کەلامی، کە پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ شیعر و ئەدەبدا هەیە، دەتوانێت ببێتە پردێک لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا. فێستیڤاڵی بەیت و حەیرانهەوڵدەدات ئەم پەیوەندییە نەک تەنها لە شێوەی نواندندا، بەڵکو وەک ئەزموونێکی  ژیاوی کەولتووری زیندوو بکاتەوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەم فێستیڤاڵە تا چەند هاوتەریب لەگەڵ فێستیڤاڵی مۆسیقای ناوچەیی و بەشی ناوچەیی فێستیڤاڵی مۆسیقای گەنجان بەڕێوەدەچێت، پوری وتی: یەکێک لەو ڕەخنانەی کە هەمیشە لە فێستیڤاڵە میوزیکییە گەنجەکان یان ناوچەییەکاندا گیراوە، گرنگیدانی زیادەڕۆییە بۆ نمایشە سنووردار و کورتخایەنەکان و نەبوونی شوێن بۆ گفتوگۆ و هاوبەشی نێوان نەوەکان. بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی گەنجان لە تاران، بەهۆی کەمیی تەمەنی بەشداران و کاتی کەم، بە شێوەیەکی کردەیی دەرفەتی پەیوەندی قووڵ لە نێوان هونەرمەنداندا لەناو دەبات لە لایەکی دیکەوە، ئامادەبوونی پێشەنگەکانی مۆسیقای ناوچەیی لەم جۆرە فێستیڤاڵانەدا کەم بووەتەوە، لە ئەنجامدا پەیوەندی زیندووی گواستنەوەی زانست و سەلیقە لە نێوان نەوەکاندا پچڕاوە. بۆ نموونە گۆرانیبێژانی کرمانجی باکووری ئازەربایجانی ڕۆژاوا و هەورامان لە پارێزگای کرماشان کە سەرچاوەی سەرەکی گۆرانییە ڕەسەنەکای لاوک، لاواژە و سیاچامانەن، بە دەگمەن لەم ڕووداوانەدا دەبینرێن.

ناوبراو زیادی کرد: لە یازدەهەمین فێستیڤاڵی بەیت و حەیران‌دا، هەوڵمان داوە ئەم بۆشاییە پڕ بکەینەوە؛ ئەمەش مانای ئەوەیە کە لە ماوەی چوار ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، سەکۆیەک بۆ پەیوەندی زانستی، ئەزموونی و سۆزداری لە نێوان سێ نەوەی هونەرمەندانی مۆسیقای ناوچەییدا دابین دەکەین. ئێمە دەمانەوێت ئەم فێستیڤاڵە تەنها شوێنێکی نمایش نەبێت، بەڵکو دەرفەتێک بێت بۆ گواستنەوەی ئەزموون، هاوپەیوەندیی کەلتووری و گفتوگۆی نێوان نەوەکان؛ شوێنێک بێت کە گەنجان شانبەشانی خاوەن ئەزموونە دێرینەکان، خۆیان بە بەشێک لە درێژەپێدەرانی کەلتوری مۆسیقای وڵاتیان دەزانن.

خانمی پوری ڕایگەیاند کە ئێمە تەنها لە دیدی کێبڕکێیەوە سەیری فێستیڤاڵی مۆسیقا ناکەین و لە ڕوانگەی ئێمەدا فێستیڤاڵ، پێش ئەوەی ببێتە مەیدانی تاقیکردنەوە، پێویستە ئاوێنەیەکی ناسنامەی مۆسیقای نەتەوەیی بێت. بۆیە لە خولی یازدەهەمدا، بە جیاکردنەوەی گروپە تەمەنییەکان و پۆلێنکردنی ئامێرەکانهەوڵمان داوە قووڵایی توێژینەوەیی، پەروەردەیی و کەلتووری فێستیڤاڵەکە بەهێز بکەین. لە ڕاستیدا، سەرنجی سەرەکیمان لەسەر بەشە ناڕکابەرییەکانە.

پوری درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: لەم خولەدا هەوڵمان دا بە شێوەیەکی چالاکانە خەڵک بەشدار بکەین و فێستیڤاڵەکە بگۆڕین بۆ بۆنەیەکی جەماوەری.ڕێزگرتن لە کەسایەتییە خوەن ئەزموونەکان، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دیالۆگ لە نێوان ئەوان و نەوەی کۆن و گەنج، ناساندن و ڕێزگرتنلە توێژەرانی گەنج لە بواری مۆسیقای ناوچەییدا،ڕوونوێنی لە نوێترین بەرهەمە توێژینەوەیی و کتێبەکان کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە، خوڵقاندنی کەشێکی دۆستانە و هاوسۆز انە لە نێوان هونەرمەندانی ناوچە جیاجیاکان، ڕەخساندنی دەرفەت بۆبەشداریی بەهێزی خانمانی هونەرمەندی مۆسیقای ناوچەیی، بەڕێوەچوونی پێشانگای وێنە و فیلم سەبارەت بە بەی‌بێژان و گۆرانیبێژانی سەدەی ڕابردوو، لەگەڵ ئاوڕدانەوەیەکی وێنەیی لە دەیەیەک بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی بەیت و حەیران، لە ئامانجە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵی یازدەیەمن.

پوری لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا: یازدەهەمین فێستیڤاڵی بەیت و حەیران بە پاڵپشتی و یاوەریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و نوێنەری خەڵکی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بەڕێوە دەچێت. ئەم هاوکارییە لەسەر بنەمای هاوکاری نێوان دامەزراوەی حکومەت و کەرتیڕۆشنبیری ناحکومی دامەزراوە، چونکە ئێمە پێمان وایە گەشەپێدانیڕۆشنبیری تەنها کاتێکدەڕەخسێت کە پەیوەندییەکیکارامە و پشتیوانی لە نێوان خەڵک و دامەزراوەکان و حکومەتدا دروست بێت. بەشیفەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە پێدانی مۆڵەت و دابینکردنی هەندێک سەرچاوەی دارایی و دابینکردنی ئیمکانیات و ئەنجامدانی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە جۆربەجۆرەکانی شارەکە. هیوادارە ئەم لێکنزیکبوونەوەیە لە نێوان دامودەزگا فەرهەنگییەکاندا هەنگاوێک بێت بۆجێگیرکردنی پێگەی سەردەشت وەکیەکێک لە ناوەندە چالاکەکانی فەرهەنگ و مۆسیقا لە ناوچەکانی ئێراندا.

جێی ئاماژەیە کە یازدەهەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای بەیت و حەیران ١ تا ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ (١٠ بۆ ١٣ی سەرماوەز) لە شاری سەردەشت لە بەڕێوەدەچێت.