جام کوردی - یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی تواناکانی هەناردەکردنی پارێزگای کرماشان، بە بەشداریی ٣٥ یەکەی بەرهەمهێنانی پێشەنگ و کۆمەڵێک لە بازرگانان، بەرپرسی ژوورە بازرگانییەکان و شاندە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە شوێنی هەمیشەیی پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی کرماشان دەستیپێکرد.

پێشانگاکە کە لە نێوان ڕۆژانی١٤ تا ١٧ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە نمایشکردنی توانا و بەرهەمە هەناردەکارییەکانی پارێزگاکە لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانە خۆراک، بیناسازی، کشتوکاڵ، شیرەمەنی، بەرد، کاشی و سیرامیک و بەرهەمە پلاستیکیەکان لە ڕووبەرێکی زیاتر لە دوو هەزار مەتر چوارگۆشەدا.

بە وتەی حامید وەفاپوور، جێگری کارگێڕی و جێبەجێکاری پێشانگای نێودەوڵەتی کرماشان، ئامانجی بەڕێوەچوونی ئەم بۆنە ئابوورییە "ڕەخساندنی دەرفەتی کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان بەرهەمهێنەرانی پارێزگا و کڕیارانی بیانی و بوار رەخساندنە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی بازرگانی نوێ". هەروەها وتی: پێشانگای ئەمساڵ بە ئامادەبوونی شاندی ئابوری هەرێمی کوردستان، لەوانەش بەرپرسی ژوورە بازرگانییەکانی سلێمانی، گەرمیان، و موسڵبەڕێوە دەچێت، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی پارێزگا لەگەڵ عێراق و ناوچەکە”.

وەفاپوور بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی گەشتی پیشەسازی و سەردانی تایبەتی شاندەبازرگانییە دەرەکییەکان بۆ یەکەکانی بەرهەمهێنانی کرماشان، هیوای خواست کە ئەم ڕووداوەببێتە هۆی تێگەیشتنێکی باشتری بازاڕی عێراق لە تواناکانی بەرهەمهێنانی کرماشان و زیادبوونی قەبارەی هەناردەکردنی پارێزگا.

لە میانەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتی بازرگانانی پارێزگای گەرمیان و شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، لە وتارەکانیاندا کوالیتی بەرهەمەکانی پارێزگای کرماشانیان بەرز نرخاند و پارێزگاکەیان بەهاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ بازاڕی هەرێمی کوردستان زانی.بە ئاماژەدان بەوەی کە "بەرهەمهێنەرانی کرماشان لە ڕووی ستاندارد و هەمەجۆریی بەرهەم و نرخە کێبڕکێکارەکانەوە لە ئاستێکی خوازراودان"، داوای پتەوترکردنی پەیوەندییە گومرگییەکان و ئاسانکاری گواستنەوە و کەمکردنەوەی تێچووی ترانزێتیان لە نێوان هەردوولادا کرد.

نوێنەرانی بازرگانی عێراق هەروەها خواستی خۆیان بۆ بەستنی ڕێککەوتننامەی هاوکاری لە بوارەکانی پیشەسازی خۆراک، کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمی کشتوکاڵی و کەرەستەی پیشەسازی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کرماشان ڕاگەیاند.

پارێزگای کرماشان لە ئێستادا ساڵانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار کاڵا لە ڕێگەی سنوورە فەرمییەکان و بازاڕچە سنوورییەکانی خۆیەوە هەناردە دەکات و بە پێی ئەو پلانانەی خراونەتەڕوو، دانانی ئامانج بۆ گەیشتن بە پێنج ملیار دۆلار لە هەناردەکردنی ساڵانە لە بەرنامەی کاردایە.

بە وتەی ڕەزا نیک‌ڕەوش، چاودێری گومرگەکانی پارێزگا و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی کرماشان، قەبارەی هەناردەکردنی ئەو پارێزگایە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤ بە کێشی زیاتر لە سێ ملیۆن و ٤٨٩ هەزار تۆن گەیشتووەتە یەک ملیار و ٥٠٦ ملیۆن و ٥٤١ هەزار دۆلار.ناوبراو زیادی کرد: لە نێویاندا گومرگی خوسرەوی بە هەناردەکردنی 465 ملیۆن دۆلار کاڵا بە کێشی یەک ملیۆن و 28 هەزار تۆن لە پلەی یەکەمدایە، گومرگی پەرویزخان بە 420 ملیۆن دۆلار و گومرگی سۆمار بە 348 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەمدایە، هەروەها گومرگی شێخ سڵە و شۆشمی بە ڕیز 231 و 20 ملیۆن دۆلاریان هەناردەکارییانهەبووە”.

نیک‌ڕەوش بە ئاماژەدان بە شیش و ئاسنەواڵە، کاشی و سیرامیک، سەوزە و میوە، بەردی بیناسازی، بەرهەمە شیرەمەنیەکان و بەرهەمە پلاستیکییەکان وەک گرنگترین کاڵای هەناردەکردنی پارێزگا، وتی: هەرچەندە بەهای هەناردەکردن لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی دوو لەسەد کەمیکردووە، بەڵام کرماشان توانایەکی بێهاوتای هەیە بۆ بازدانێکی هەناردەکاری و بەدیهێنانی ئامانجی 5 ملیار دۆلاری لە بەردەستدایە.

هەر لەو پێوەندییەدا، نوێنەرانی ئابووری هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی پێشانگاکەدا، جەختیان لە زیادکردنی کاتی دەوامی سنوورەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوەی ڕێگاوبان و ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و هیوایان دەربڕی کە بە بەردەوامبوونی ئەم جۆرە ڕووداوانە،کرماشان ببێتە ناوەندێکی ئاڵوگۆڕی ناوچەیی و پردێک کە بەرهەمهێنەرانی ئێرانی بە بازاڕەکانی عێراق و سوریاوە ببەستێتەوە”.

کرماشان دەروازەی هەناردەکردنی رۆژاوای ئێران

پێشانگای نێودەوڵەتی تواناکانی هەناردەکردنی کرماشان تەنیا بۆنەیەکی بازرگانی نییە؛ بەڵکوو هێمای هەنگاوی پارێزگایە بەرەو دیپلۆماسی ئابووری چالاک و پەرەپێدانی بازاڕەکانی ناوچەکە.بە سەرنجدان بە توانای بەرزی سنوورەکانی پارێزگا، هەمەچەشنیی بەرهەمە هەناردەکارییەکان و پێشوازیکردن لە بەرهەمە ناوخۆییەکان لەلایەن شاندەکانی دەرەوە، کرماشان زیاتر لە هەموو کاتێک ئامادەیە بۆ ڕۆڵگێڕان لە پەرەپێدانی هەناردەکردنی غەیرە نەوتی وڵات.

پێشانگای تواناکانی هەناردەکردنی کرماشان هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ ناساندنی تواناکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی پارێزگاکە و سەکۆی هەڵدانە بۆ زیادکردنی پشکی کرماشان لە هەناردەکردنی وڵاتدا. هەنگاوێک کە بە درێژەدان بە کارلێکەکانی ناوچەیی و پشتیوانی لە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ، دەتوانێت کرماشان بکاتە ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی ڕۆژئاوای ئێران. پارێزگای کرماشان کە 371 کیلۆمەتری سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە، خاوەنی 2 مەرزی فەرمی نێودەوڵەتی (پەرویزخان و خوسرەوی) و پێنج بازاڕی سنووری چالاکە، هەروەها بە یەکێک لە دەروازە گرنگەکانی هەناردەکردنی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ناسراوە.