جام کوردی - سەید ڕەزا ساڵحی ئەمیری ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارکی نیشتمانی شاری سنە، کە ڕووبەرەکەی ٣٢ هێکتارە، ڕایگەیاند: کورد لە ئێران بە فەرهەنگ و شەرەف و ڕەوشت و فەزیلەت ناسراوە و کوردستانیش نیشتمانی ڕەسەنایەتییە.
ساڵحی ئەمیری گوتی: ئەمڕۆ لەنێو جێگرەکانی وەزارەتی میراتی کەلتووری، گەشتیاری و پیشەدەستکردەکاندا نوێنەرێک لە کوردستانەوە ئامادەیە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێگەی ئەم پارێزگایە لە پێکهاتەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
وەزیری میراتی کەلتووری، گەشتیاری و پیشەدەستکردەکان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەهێزکردنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا وتی: خەڵکی ئێران ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە خۆشگوزەرانییە، چونکە نائومێدی و بێهیوایی هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگا.
ئاماژەی بەوەشکرد: پێویستە هەموو ناوەندە پەروەردەییەکان بزانن کە منداڵانی ئەم خاکە پێویستیان بە خۆشی و ئومێد هەیە، دروستکردنی پارکی نیشتمانیش هەنگاوێکی کاریگەرە لەو ئاراستەیەدا.
ساڵحی ئەمیری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەرپرسانی پارێزگا ئەم پارکەیان بە دیاری بەخشییە خەڵکی کوردستان و هەموو ئێرانییەکان و جێی خۆیەتی هەمووان سەردانی ئەم ناوچە بکەن و شوێنە سەرنجڕاکێشە مێژوویی و کولتوورییەکانی ببینن.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە سیاسەتی وەزارەت بۆ پاڵپشتیکردنی گەشتیاری گوندەکان، وتی: دروشمی ئێمە بریتیە لە کە هەر گوندێک، ئیکۆتۆریزمێک، و پێمان وایە گەشەسەندنی کوردستان بە واتای گەشەسەندنی ئێرانە.