جام کوردی - پارێزگاری کرماشان لە میانی سەردانکردنی بۆ یەکەمین پێشانگای توانا هەناردەکارییەکانی کرماشان و لە دیداری شاندی ئابووری کوردستانی عێراقدا، بە جەختکردنەوە لەسەر فراوانکردنی دیپلۆماسیی ئابووری لەگەڵ عێراق، دەستپێکردنی گەشتی کرماشان-سلێمانی و چالاککردنی خاڵی سنوورییسازان، وتی: ئاسایش و ئابووریی ئێران و عێراق لەیەکتر تێکەڵاون.

مەنووچێهر حەبیبی زیادی کرد: ئاسایش و ئابووریی دوو وڵاتی ئێران و عێراق بەیەکەوە گرێدراون و پێویستە پارێزگاکانی دراوسێ و بەتایبەتی کرماشان هاوکاریی نزیکتریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەبێت.

ناوبراو ڕایگەیاند: ئەم پێشانگایە تەنها بەشێک لە دەفر و تواناکانی پارێزگای پیشان داوە. بەهۆی کەمی شوێنەوە نەتوانرا هەموو کۆمپانیاکان ئامادەبن و لە داهاتوودا ئەم پێشانگایە بە کوالیتی بەرزتر و بە بەشدارییەکی فراوانتر لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت.

حەبیبی بە ئاماژەدان بە جەختکردنەوەی سەرۆک کۆمار لەسەر فراوانکردنی دیپلۆماسیی ئابووری وتی: هیوادارە هەندێک کێشەی گومرگی و بەربەستە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕێگەی ئەو هاوکارییەی کە ئەنجامدراوە چارەسەر بکرێن.

پارێزگاری کرماشان بە ئاماژەدان بە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و گواستنەوەکانی نێوان دوو وڵات وتی: پلاندانان بۆ گەشتێکم بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی کاردایە، هەروەها بابەتی دەستپێکردنی گەشتی کرماشان-سلێمانییش تاوتوێ دەکرێت.

پارێزگاری کرماشان ئاماژەی بەوەشکرد: بازرگانانی عێراق دەتوانن بە متمانەی تەواوەوە گەشت بکەن بۆ ئێران، ئێمەش گەرەنتی ئاسایش و ئارامییان دەکەین. هەڕوەها پرسی کاراکردنیسنووری "سازان" له دیوی هەڕێمی کوردستانی عێراقەوە و وه ڕگرتنی مۆڵەتی پێویست لە بە دواداچووندایه .

حەبیبی زیادی کرد: بۆ ئاسانکاری هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە نێوان هەردوو وڵات، هەماهەنگی پێویست لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لەو بوارەدا هەیە.

پارێزگاری کرماشان هیوای خواست کە پەیوەندییە ئابووری، فەرهەنگی و ئەمنییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە هەموو کاتێک بەهێزتر بێت و دیپلۆماسیی ئابووریی نێوان دوو وڵات بە جیددی بەردەوام بێت.