جام کوردی- نامەی هاوبەشی ئێران، ڕووسیا و چین بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
سەبارەت بە کۆتایی هاتنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە رێککەوتنی ئەتۆمی
کۆتایی هاتووە.
ئێران، ڕووسیا و چین ڕۆژی شەممە نامەیەک بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش دەنێرن تاکوو ڕایبگەیێن کە بڕیارنامەی ٢٢٣١ کۆتایی هاتووە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، وتی: وڵاتانی ئێران، ڕووسیا و چین نامەیەک
بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش دەنێرن تاکوو
ڕایبگەیێن بڕیارنامەی ٢٢٣١ کۆتایی هاتووە و وڵاتانی دیکە پابەندی سزاکانی پەیوەست بەو
بڕیارنامەیە نابن.
کازم غەریب ئابادی جێگری یاسایی و نێودەوڵەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران،
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە جووڵەیەکی دیپلۆماتیکی بەربڵاو لە سەرووبەندی
١٨ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی کۆتایی هاتنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ ی ئەنجومەنی ئاسایش، کرد.
غەریب ئابادی وتی: لەم ڕۆژانی دواییەدا، بە لەبەرچاوگرتنی کۆتایی هاتنی
ماوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١، هەوڵماندا ڕووبەڕووی دووڕوویی و فێڵبازی وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکا
ببینەوە تاکوو ڕێژەیەکی بەرفراوان لە وڵاتان لەگەڵ لێکدانەوە یاسایەکی خۆمان یک تێڕوانینیان
هەبێت.
غەریب ئابادی ئاماژەی بە کاریگەری ئەو گۆڕانکارییە لەسەر هاوکاری ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کرد و وتیشی: تاکوو ئێستا، ئەمینداری ئاژانس هەر سێ مانگ جارێک ڕاپۆرتێکی لەسەر بەڕێوەبردنی بەرجام و پابەندییەکانی ئێران دەخستەڕوو، بەڵام بە کۆتایی ھاتنی بڕیارنامەی ٢٢٣١، ئەم پرۆسەیەش ڕادەگیرێت و سکرتێری ئاژانس ئیدی ناچار نیە بە خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی لەم شێوەیە بە ئەنجومەنی بڕیاردان.