ئێران، لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردوە رایگەیاند، کۆتوبەندەكانی ئەنجومەنی ئاسایش كۆتایی هاتوە و چیتر پابەندی بڕیاری 2231 نییە، کە لە ساڵی 2015 دەرچو بۆ پشتگیریکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی.
بەگوێرەی پەیامێکی فەرمی کە رۆژی شەممە نێردراوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رونیکردەوە، بڕیارە نێودەوڵەتییەکە لە 18ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2025 بە تەواوی کۆتایی هاتوە، بەپێی دەقی بڕگەی هەشتەمی بڕیارەکە.
عێراقچی رایگەیاند، تەواوی بڕگەکانی بڕیاری 2231، هەروەها بڕگەکانی پەیوەندیدار بە سزاکانی بڕیارەکانی پێشوتر، کاریگەری یاساییان نەماوە، جەختی لەوە کردەوە کە "هەر هەوڵێک بۆ زیندوکردنەوەی ئەو بڕیارانە هەڵوەشاوەیە، هیچ کاریگەرییەکی پابەندکەری لەسەر وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان نابێت".
بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ چەسپاندنی رێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز (5+1) دەرچو، كە هەڵگرتنی سزاکانی نێودەوڵەتی سەپێندراو بەسەر تاران لە بەرامبەر سەپاندنی سنوردارکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لەوانەش سنوردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و پشکنینی توندی نێودەوڵەتی لەخۆگرتبو.