جام کوردی- لە نێو یادەوەری شەقامەکاندا، دەنگی ئامێرەکانی چاپ هەمیشە گۆشەیەکی مێژووی کرماشانی هەڵگرتووە. ڕەنگە کەم کەس بزانێت مێژووی چاپکردن لەم شارەدا دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیە پێش ئێستا.

بە کونجکۆڵییەوە شوێنپێی ڕابردووم هەڵگرت تا بزانم کۆنترین چاپخانەی کرماشان ئەمڕۆ لە چ بارودۆخێکدایە؛ پیشەسازییەک کە بەڕواڵەت سادەیە بەڵام یادەوەری و پێشهاتە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی تۆمارکردووە.

ساڵی ١٢٨٨ی هەتاوی، یەکەم ئەزموونی چاپکردن لەم شارەدا هاتە ئاراوە و ئەم پیشەسازییە وردەوردە توانی خۆی لە ژیانی فەرهەنگی و ئابووریی کرماشاندا جێگیر بکات و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و کتێب و بڵاوکراوەکاندا هەبوو.

بەدرێژایی ساڵانی یەک لە دوای یەک، چاپخانەکان شوێنەکانیان گۆڕی، شەقامەکان شێوەیەکی نوێیان وەرگرت و نەوەی جیاواز لە چاپخانەکاندا ئیشیان کرد، بەڵام بەشێک لەو یەکانە بێ‌پچڕان درێژەیان بە چالاکییەکانیان دا و چیرۆکی چاپ و چاپکردنیانگێڕایەوە.

شوێنپێی لیتۆگرافی لە کرماشانیسەردەمی قاجاردا

چاپخانەی "سەعادەت" کە زیاتر لە سەدەیەکەچالاکییهەیە، نموونەی بەردەوامیی و گۆڕانکاریی ئەم پیشەسازییە لە کرماشان، کە سەرەڕای گۆڕانی شوێن و شەقام و بارودۆخی ئابووری و هتد، ئەم چاپخانەیە هێشتا چالاکە و گۆشەیەکی مێژووی چاپ و بڵاوکردنەوەی شارەکەی بە زیندوویی هێشتۆتەوە.

بینای ئێستای چاپخانەی سەعدات دەکەوێتە یەکێک لە شەقامە ناوەندییەکانی شار؛ دیوارە ڕەنگچووەکان و ئامێرە کۆنەکانی چاپکردن هەریەکەیان چیرۆکی ساڵانێک هەوڵ و داهێنان دەگێڕنەوە. بە وتەی هەندێک لە کۆنە کەسایەتیە کۆنەکانی شار، چاپخانەی سەعدەت سەردەمانێک مەکۆی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و کتێب‌خوێنان بووە و بە جۆرێک بە ناوەندی ڕۆشنبیری نافەرمی شار دادەنرا.

بە پێی گێڕانەوە کۆنەکان، یەکەم هەوڵی پیشەسازی چاپ لە کرماشان لە لایەن "سەید ئەحمەد میرعەبدولباقی" لە ساڵی ١٢٨٨ی هەتاوی لە سەردەمی قاجار لە ژێر ناوی چاپخانەی بەردین (لیتۆگرافی)درا و توانی بۆ ماوەی دە ساڵ گڵۆپی چاپەمەنی لەم ناوچەیەدا بە ڕوونی بهێڵێتەوە و ئەم چاپخانە بەردینەش کە یەکەم نموونەی چاپی ناوخۆیی لە هەناویوە سەریهەڵدا، توانی تا ساڵی ١٢٩٨بەردەوام بێت

پاشان لە ساڵی ١٢٨٩دا، "ئەحمەدخان وەزیری موعتەزیدولدەوڵە" هەوڵیدا بە کڕینی کەرەستە لە هیندستانەوە بە شێوازێکی نوێ چاپخانەیەک لە کرماشان دابمەزرێنێت، بەڵام ئەم ئەزموونە زۆری نەخایاند و نەبوونی پشوودرێژی و ئیمکانات بووە هۆی ئەوەی کە چرای ئەم چاپخانەیە زۆر زوو بکوژرێتەوە و پیشەسازی چاپەمەنی لە کرماشان جارێکی دیکە بکەوێتە بێدەنگی.


ئازایەتی دوو برا و لەدایک بوونی چاپخانەی سەعادەت

خاڵی وەرچەرخانی دیکە دووبارە لە هەمان ساڵی ١٢٩٨دا هاتە ئاراوە و ئەمجارە دوو برا بە ناوەکانی "میرزا حەسەن" و "میرزا حوسێن سەعادەت" بە بوێری و کۆڵنەدانەوە هاتنە مەیدان و بۆ کڕینی ئامێری چاپی مۆدێرن لە ئەڵمانیاوە، کە لانکەی پیشەسازی چاپکردن بوو لەو سەردەمەدا، خانووی خۆیان فرۆشت. ئەم هەوڵە بوێرانە سەرەتای دامەزراندنی "کۆمپانیای سەعادەت" بوو؛ کۆمپانیایەک کە دواتر بە "چاپخانەی سەعادەت" ناسرا و میراتێکی نەمری لە خۆی بەجێهێشت.

ئەمیر هوشەنگ سەعادەت، نەوەی چوارەمی ئەم بنەماڵەیە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی کتێبی ئێران (ئیبنا) لە کرماشان وەبیری هێنایەوە: باوکەکانمان سەرەڕای هەموو سەختییەکان کاریان خۆشدەویست و بۆ ئەوان خۆشەویستنی فەرهەنگ و چاپ لە هەموو دەستکەوتێکی دارایی گرنگتر بوو، ئەوەی کە ماڵەکەیان فرۆشت تا بتوانن ئامێری چاپەمەنی بکڕن، باشترین بەڵگەی ئەو خۆشەویستییەیە".

دوای ئەوە، چاپخانەی سەعادەت نەک هەر بووە تەنیا ناوەندی چاپکردنی کتێب و گۆڤار لە ڕۆژاوای ئێراندا، بەڵکو ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ژیانی فەرهەنگی کرماشاندا گێڕا. هەر لەو پێوەندییەدا چاپخانە لە بەرهەمهێنانی ڕۆژنامەدا بە وریاییەوە کاری دەکرد بۆ ئەوەی هیچ هەڵەیەکی چاپکردن ڕوو نەدا و ناوەڕۆکەکەی بە شێوەی دروست بگاتە بەردەست خوێنەران.

سەعادەت ئاماژەی بەوەشکرد: لە ساڵانی گەنجی باوکانمدا، چاپخانە ماڵێکی دووەمیان بوو، نەک تەنها وەک شوێنی کار بەڵکو وەک شوێنێک بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و ئیلهامی کەلتووری."

ناوبراو باس لە هەستیئیشکردن بە ئامێرە کۆنەکان، سنووداربوونیان و پێویستبوونی داهێنان بۆ بەردەوامبوونی کارکردن لە گەڵیان دەکات و بە تۆنێکی هێمن و نەختی نۆستالژیکەوە یادەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە، پێی وایە ئەو ڕۆژنامە و کتێبانەی کە چاپخانەکە بەرهەمی هێناوە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە ئاگادارکردنەوە و پەروەردەکردنی خەڵکدا.

ناوبراو سەبارەت بە سەردەمی منداڵی خۆی کە تەمەنی تەنیا ٥ ساڵ بوو و لەگەڵ باوکیدا ڕوویان لە چاپخانە کە ئەوکات لە ناوەڕاستی بازاڕی کۆنی کرماشان بوو، گوتی: ئەو سەردەمە چاپی ڕۆژنامە هێندەی ئەمڕۆ ئاسان نەبوو کە بە شێوەی دیجیتاڵی ئەنجام دەدرێت و باش لە بیرمە کە بە پیتی قوڕقوشمی زۆر بچووک لەسەر پلێتێکی دار یان کانزایی ئەنجام دەدرا. هەموو ڕستەکان بە خێرایی زۆر ئەنجام دەدرا و ئەگەر تەنها یەک پیتی هەڵە بخراێتە ناو قاڵبی پیتەکانەوە، ئەگەری هەبوو هەموو ڕستەکان بە هەڵە دەربچن. هەمیشە لەگەڵ باوکم دەچوومە چاپخانە و هەموو شەوێک بە دەست ڕەشبووەوە دەگەڕاینەوە ماڵ.

چاپخانەی سەعادەت لە ماوەی چالاکییەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنامە گرنگەکانی کرماشان هاوکاری دەکرد و کاری چاپی بۆ ئەنجام دەدان؛ ئەو ڕۆژنامانەی کە ناوەڕۆکەکانیان نەک بە ئامانجی کێبڕکێی لایەنی، بەڵکو بۆ خزمەتکردنی شارەکە بڵاودەکردەوە و ئەم چاپخانەیەش ڕۆڵێکی گرنگی لە چاپکردنیاندا هەبوو.

دوای کۆچی دوایی دامەزرێنەرانی چاپخانەی سەعادەت، "فەیزوڵڵا سەعادەت"، ئامۆزاکەیان کە ئەزموونی لە بواری ڕۆژنامەگەری و بەڕێوەبردنی سێ ڕۆژنامەی خۆجێیی کرماشاندا هەبوو، ئیدارەی چاپخانەی گرتە ئەستۆ و بوونی ئەو بووە هۆی ئەوەی چاپخانەکە ڕێکخراوتر بێت و ببێتە بنکەیەکی متمانەپێکراو بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە لە ناوچەکەدا، چونکە ئەزموون و زانیاریی ئەو ڕێنماییەکی گرنگ بوو بۆ پاراستنی کوالیتی و وردبینی چاپەمەنی.

ئەمیر هوشەنگ سەعادەت لە درێژەی قسەکانیدا وتی: فەیزوڵڵا سەعادەت گیانێکی نوێی کردە بەر چاپخانەکە، چونکە هەم ئەزموونی ڕۆژنامەوانی هەبوو و هەم ڕوانگەی ڕۆشنبیری هەبوو، ئەمەش وایکرد چاپخانەکە لە بواریچالاکییەکی ئابووری ڕەها تێپەڕێت و ببێتە دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیری.

لە ساڵانی دواتردا، چاپخانەی سەعادەت جگە لە چاپکردنی کتێب و گۆڤار، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ڕاهێنانی کەسانی پیشەیی و بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی کاری چاپکردن لە شارەکەدا. ئەم ئەزموونانە بوونە هۆی پەروەردەکردنی نەوەی نوێی چالاکانی لێهاتووی بواری چاپ کە وردبینی و کوالیتییان لە پێشینەدا بوو.


دوای دەیان ساڵ ئەم خولە گەیشتە نەوەکانی داهاتوو و ئەمڕۆش ئەمیر هوشەنگ سەعادەت وەک نوێنەری نەوەی چوارەمی بنەماڵە، سەرپەرشتیاری ئەم میراتە بنەماڵەییەیە و ئەو پیشەسازی چاپکردن نەک وەک بزنسێکی سادە، بەڵکو وەک ئەرکێکی کەلتووری پەیڕەو دەکات.

چاپخانەی سەعدەت لە ڕێبازەکەیدا ڕووبەڕووی هەوراز و نشێوی زۆر بووەتەوە، هەر لە کێشەی ئابوورییەوە تا پێشکەوتنی تەکنەلۆژی کە زۆرجار بە مەترسی بۆ سەری دەزانرا، بەڵام ئەم خۆشەویستی و کۆڵنەدانە ڕێگەی بە چاپخانەی سەعادەت دا کە وەک بەشێک لە یادەوەری کولتووری شارەکە بمێنێتەوە.

ئەمیر هوشەنگ سەعادەت جەختی لەوە کردەوە: ئەگەر تەنها بیرمان لە قازانج بکردایە، زۆر زوو دەستبەرداری ئەم کارە دەبووین، بەڵام هەر جارێک کتێبێک یان گۆڤارێک لە ئامێرەکە دێتە دەرەوە و دەگاتە دەستی خەڵک، هەستدەکەینئەرکێکمان بە جێ گەیاندووە.

ئەمڕۆ چاپخانەی سەعادەت زیاتر لە چاپخانە، هێمای میراتێکی خێزانییە؛ میراتێک کە لە سەختیەکان ڕزگاری بووە و پشت بە خۆشەویستی ڕۆشنبیری و کۆڵنەدانی نەوەکانی تا ئەمڕۆش ماوەتەوە.

چاپخانە کۆنەکانی کرماشان هەریەکەیان چیرۆکی تایبەت بە خۆیان هەیە و سەعادەتیش یەکێکە لەو چاپخانە دەگمەنانەی کە توانیویەتی وەفادار بە نەریت بمێنێتەوە و لەگەڵ مۆدێرنیتەدا هاوسەنگ بێت.