جام کوردی - بە پێی لێکگەیشتننامەیەک، توێژینگەی کوردستان‌ناسی زانکۆی کوردستان ئەرکی بڵاوکردنەوەی کۆبەرهەمە کوردییەکانی ئەرسەلان کامکار و جێبەجێکردنی پڕۆژە توێژینەوەیی و پەروەردەییە پەیوەندیدارەکانی پێ سپێردرا.

ئەرسەلان کامکار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا نووسیویەتی: "زۆر بەختەوەرم کە لە زێدی خۆم، سنە، پرۆژەیەک دەستیپێکردووە، کە تێیدا کۆبەرهەمەکوردییەکانم بڵاودەکرێتەوە و دەخرێتە بەردەستی هۆگران؛ هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە بتوانێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ڕێگای پێشکەوتنی مۆسیقای کوردی دروست بکات".

سەرۆکی زانکۆی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتەکەدا،وێڕای ڕیزگرتن لە پێگەی بەرزی بنەماڵەی کامکار لە فەرهەنگ و هونەری ئێراندا،گوتی: هاوکاری لەگەڵ مامۆستا کامکار،نموونەیەکی سەرکەوتووی پەیوەندی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگەی هونەرییە؛ بەرهەمەکانی ئەم بنەماڵەیە بە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە مۆسیقای کوردی دادەنرێت.

هەروەها توێژینگەی کوردستان‌ناسی ئەم هاوکارییەی بە هەنگاوێکی ستراتیجی بۆ بەهێزکردنی توێژینەوەکوردییەکان و بەرزکردنەوەی پێگەی توێژینەوەی ئەکادیمی لە بواری مۆسیقای کوردیدا وەسف کردووە.

ئەرسەلان کامکار، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٣ی شاری سنە، کەسایەتییەکی دیاری مۆسیقای ئێرانی و ئەندامی دیاری گرووپی کامکارە. لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین بڕوانامەی هونەری وەرگرتووە و چەندین بەرهەمی لە بوارەکانی مۆسیقای کلاسیک و کوردیدا بەرهەم هێناوە.