جام کوردی - عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند: كۆمیسیۆن كامێرای بۆ ئامێرەكانی پشتڕاستكردنەوە زیاد كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی پەنجەمۆری بەساڵاچووان، یان ئەو كەسانەی سرووشتی كارەكانیان كاریگەریی كردووەتە سەر پەنجەمۆرەكانیان و ناخوێندرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد" لە عێراق زیاتر لە 29 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام بەگوێرەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023ی هەمواركراو، تەنیا ئەو كەسانە دەتوانن دەنگ بدەن كە كارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، ئەوانەش ژمارەیان نزیكەی 21 ملیۆن و 400 هەزار كەسە.
سەرۆكی تیمە میدیاییەکەی كۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، دوای بەكارهێنانی كارتەكە لە بنكەی دەنگدان، بۆ ماوەی 72 كاژێر دادەخرێت و ناتوانرێت بەكاربهێندرێت.
بەمەش هیچ بەهایەكی بۆ كەسێكی دیكە نامێنێت، بۆیە داوا لە دەنگدەران دەكەین نەكەونە ژێر كاریگەریی هەوڵەكانی كڕینی كارتی دەنگدان، چونكە تەنیا خاوەنەكەی دەتوانێت بەكاری بهێنێت.