جام کوردی ـــ لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرنج تەنیا لەسەر کێبڕکێی نێوان لایەنەکان و کاندیدەکان نییە؛ بەڵکوو نەوەیەکی نوێ خەریکە دەچێتە ناو گۆڕەپانی بڕیاردانەوە؛ دەنگدەرانێک کە بۆ جاری یەکەم دەنگ دەدەن. گەنجانێک کە بۆ یەکەمجار لەبەردەم سندوقی دەنگدان وەستاون، و هەڵبژاردنیان دەتوانێ نەک هەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەڵکو ڕێبازی داهاتووی هەرێمەکەش دیاری بکات.
ئەوانەی کەوا بۆ جاری یەکەم دەنگ ئەدەن، سۆز و هیوا و پاڵنەر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؛ بەڵام ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە ئەگەر بە جددی وەرنەگیردێت، دەتوانێت بگۆڕێت بۆ بێزاری و بێمتمانەیی. ئەوان تەنها دروشمی سیاسەتمەدارانیان ناوێت، بەڵکو گوێیەکی گوێگر و بەرنامەیەکی ڕوون و ڕاستگۆیی و دەرفەتی بەشداریکردن لە بڕیاردانیان دەوێت.
حیزب و کاندیدەکان دەبێ لەوە تێبگەن کە نەوەی نوێ ڕووبەڕووی جیهانێکی جیاواز لە ڕابردوو دەبێتەوە؛ نەوەیەک کە وشیار و ئاگادارە و میدیا دەناسێت و بەراورد و شیکاری دەکات و بوێرانە داواکارییەکانی خۆی هاوار دەکات. پشتگوێخستنی ئەم داواکاریانە نەک تەنها دەنگەکانیان کاڵ دەکاتەوە، بەڵکو لەسەر متمانەی کۆمەڵایەتی و بە گشتی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردندا کاریگەری دادەنێت.
بۆ ئەوەی گەنجان لە یەکەم ئەزموونی دەنگدانیان پەشیمان نەبنەوە، دەبێت هەست بکەن کە دەنگەکەیان دەبینرێت و کاریگەری هەیە و دەنگیان دەبیسترێت لە داڕشتنی داهاتوودا. دروستکردنی متمانە لەگەڵ گەنجان چاکە نییە، بەڵکو پێویستییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر هەرێمی کوردستان پێویستی بە نەوەیەک هەیە کە بە ئومێدەوە بچێتە ناو داهاتوو، نەک بە گومانەوە. ئەم بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە ئەستۆی سیاسەتمەدارەکان کە ئەگەر داهاتوویان بوێت، دەبێت لە چاوی گەنجانەوە بیبینن نەک بە نەریتە بەسەرچووەکان.
ئەو گەنجانەی کە بۆ جاری یەکەم دەنگ ئەدەن، تەنها دەنگ نادەن؛ ئەوان واژۆ لەسەر داهاتوو دەکەن.
بەقەڵەمی: "ڕەزا ڕەحمەتیان"