موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران لەگەڵ سەعد کەعبی، وەزیری وزەی قەتەر لە دەوحە کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاکنەژاد ڕایگەیاند: ئێران و قەتەر هەمیشە لە بواری وزەدا پەیوەندییەکی نزیک و برایانەیان هەبووە و جەختیش دەکەینەوە لەسەر پەرەپێدانی هاوکاریی دوولایەنە و درێژەدان بە کارلێکی بنیاتنەر لە کەرتی وزەدا.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکانی بازاڕی جیھانی وزە، وتی: جیهانی وزە دەچێتە قۆناغێکی نوێ کە پێویستی بە نەوەی نوێی شارەزا هەیە کە ئاشنای پیشەسازی نەوت و گاز و میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی بێت.

وەزیری نەوتی ئێران هەروەها جەختی لەسەر گرنگی کۆدەنگی له نێوان وڵاتانی ئەندامی کۆڕبەندەکە بۆ هەڵبژاردنی سکرتێری گشتی نوێ و هەنگاونان بەرەو گۆڕینی کۆڕبەندەکە بۆ ڕێکخراوێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی وزەی جیهانیدا کردەوه.

لە میانەی دیدارەکەدا وەزیری وزەی قەتەر وێڕای بەخێرهاتنی پاکنەژاد، پێشوازی لە فراوانبوونی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکانی وزەدا کرد و داوای قووڵکردنەوەی هاریکاری نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و برای کرد.

بیست وحەوتەمین کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز (GECF) پێنجشەممە، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە بەشداری وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەندام بەڕێوەچوو.