محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی فەرەنسی جەختی لەوە کردەوە کە گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە گرنگییەکی زۆری هەیە و ڕیشەی سەرەکی ناسەقامگیریش پرسی فەلەستینە.

سوودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی وتی: بەبێ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم پرسە، ناوچەکە بە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە و گرژییەکان زیاتر دەبن. دەبێت گەلی فەلەستین بتوانن چارەنووسی داهاتووی خۆیان دیاری بکەن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستاندنەکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران دەربڕی و وتی: من پێموایە سیاسەتی زۆرترین گووشار کە لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە جێبەجێی کراوە، ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە. ئێران وڵاتێکی گرنگ و کاریگەرە کە دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لە ڕێگەی وتووێژی ڕاستەوخۆوە دانووستاندنی لەگەڵدا بکرێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها سەبارەت بە وڵاتەکەی ڕایگەیاند: پڕۆژەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە پێشینەی کارە بۆ بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە. ئێمە نامانەوێت نوێنەرایەتی گروپێک یان ڕەوتێکی دیاریکراو بکەین، هەروەها ڕێگە نادەین عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ ململانێ ناوخۆییەکان.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەرنامەی هەڵبژاردنەکانی، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: «بەرنامەکەم بریتییە لە داماڵینی چەک و ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی هەر پاساوێک بۆ هەڵگرتنی چەک.»

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: «بانگهێشتی هەموو گروپەکان دەکەین بۆ ئەوەی تێکەڵ بە دامودەزگاکانی حکومەت بن یان بەشداری لە چالاکییە سیاسییەکان بکەن.»