جام کوردی - وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە وردەکاری وتووێژەکەی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ماوەی سەردانەکەی بۆ تاران ڕایگەیاند: ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەڕوونی وتی که عێراق ڕێگه نادات خاکەکەی ببێته سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن له کۆماری ئیسلامی ئێران.
سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی دووەمین کۆنفرانسی ناوچەیی تایبەت بە دیپلۆماسی پارێزگاکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: لە بنەڕەتدا چارەسەری ڕووبەڕووبوونەوەی سزاکان، دیپلۆماسی ئابوورییە، ئێمە بریکارێکمان لە وەزارەتی دەرەوە بەم ئامانجە پێکهێناوە. فەلسەفەی کۆنفرانسی ئەمڕۆش ڕێک بۆ ئەم مەبەستەیە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لە کەناڵی تێلێگرامی وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوکراوەتەوە، عێراقچی وتیشی: یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دیپلۆماسیەتی پارێزگاکان کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی پارێزگاکانە لە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەر پارێزگایەک. ئێمە پێمانوایە توانای ئابووری زۆر هەیە کە دەتوانێت لە پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگاکان و هەروەها لە نێوان هەر پارێزگایەک و وڵاتی دراوسێیدا گەشە بکات، هەروەها قەبارەی بازرگانی نێوان پارێزگاکانمان و وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن زیاد بکەن.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەولەویەتی سەرەکی ئێمە دراوسێکانمانە، چونکە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان گرنگییەکی سیاسی و ئەمنی و ستراتیژی و بەتایبەت ئابووری هەیە، ئەمەش بەتایبەت لە کاتی سزاکاندا دەرفەتی زۆر باشی بۆ بەرپەرچدانەوەی سزاکان ڕەخساندووە.
سەبارەت بە سەردانی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ تاران، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ئەعرەجی سەفەرێکی زۆر باشی لەسەر بانگهێشتی عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەنجامدا و لەم ئەنجومەنەدا کۆبوونەوەی زۆر بەسوود بەڕێوەچوو.
عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە شێوەیەکی سروشتی یەکێک لە تەوەری سەرەکیی وتووێژەکان ئاسایشی سنوورەکان و ئاسایشی سنوورەکانی نێوان دوو وڵات بوو، هەروەها پرسە گەورەکانی ناوچەکەمان تاوتوێ کرد، لەوانە هەڕەشە و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە و کاریگەرییەکانی لەسەر پێکهاتەی ئەمنیی ناوچەکە.
جەختیشی لەوە کردەوە: گفتۆگۆی وردیش سەبارەت بە ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و ڕێککەوتنی ئەمنیی هەنووکەیی و چۆنیەتی جێبەجێکردنی بە باشترین شێوە، ئەنجامدرا. بە بۆچوونی ئێمە ئیرادەی پێویست لە نێوان دۆستانی عێراقیدا هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و هەمان شت لە لایەنی ئێرانیشەوە ڕاستە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە ڕوونی ڕایگەیاند کە عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی ببێتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران.