جام کوری - لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرنج تەنیا لەسەر کێبڕکێی نێوان حزبەکان و کاندیدەکان نییە؛ بەڵکوو نەوەیەکی نوێ خەریکە دەچێتە ناو گۆڕەپانی بڕیاردانەوە؛ ئەوانەی جاری یەکەمە دەتوانن دەنگ بدەن گەنجانێک کە بۆ یەکەمجار لەبەردەم سندوقی دەنگدان وەستاون و هەڵبژاردنەکانیان دەتوانێ نەک تەنها دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیاری بکات، بەڵکوو ڕێبازی داهاتووی هەرێمەکەش دیاری دەکات.
دەنگی یەکەمیان سۆز و هیوا و پاڵنەر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؛ بەڵام ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە ئەگەر بە جددی وەرنەگیرێت، دەتوانێت بگۆڕێت بۆ بێزاری و بێمتمانەیی. ئەوان تەنیا درووشمیان لە سیاسەتمەدارانیان ناوێت، بەڵکوو گوێیەکی گوێگر و بەرنامەیەکی ڕوون و ڕاستگۆیی و دەرفەتی بەشداریکردن لە بڕیاردانیان دەوێت.
حیزب و کاندیدەکان دەبێ لەوە تێبگەن کە نەوەی نوێ ڕووبەڕووی جیهانێکی جیاواز لە ڕابردوو دەبێتەوە؛ نەوەیەک کە هۆشیارە و میدیا دەناسێت و بەراورد دەکات و شیکاری دەکات و بوێرانە داواکارییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو. پشتگوێخستنی ئەم داواکاریانە نەک تەنها دەنگەکانیان کەم دەکاتەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر متمانەی کۆمەڵایەتیش دەبێت لە تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا.
بۆ ئەوەی گەنجان لە یەکەم ئەزموونی دەنگدانیان پەشیمان نەبنەوە، دەبێت هەست بکەن کە دەنگەکەیان دەبینرێت و کاریگەری هەیە و دەنگیان دەبیسترێت لە داڕشتنی داهاتوودا. دروستکردنی متمانە لەگەڵ گەنجان چاکە نییە، بەڵکو پێویستییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر هەرێمی کوردستان پێویستی بە نەوەیەک هەیە کە بە ئومێدەوە بچێتە ناو سبەینێوە نەک بە گومانەوە. ئەم بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە ئەستۆی سیاسەتمەدارەکان کە ئەگەر داهاتوویان بوێت دەبێت لە چاوی گەنجان بیبینن نەک لە نەریتە بەسەرچووەکاندا. ئەم نەوەیە تەنیا دەنگ نادەن؛ ئەوان واژۆ لەسەر داهاتوو دەکەن.
نووسەر: ڕەزا ڕەحمەتیان