من یەکەم جارمە بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆم ھەیە لەم خولەدا دەنگ بدەم، بەڵام من نازانم بۆچی دەنگ بدەم. لەکاتێکدا دەنگدان تەنھا مرەکەبی سەر کاغەزەو ھیچ لە بارودۆخی ماددی ئێمەی گەنج ناگۆڕێت،

رێبین ئازاد بەم شێوە رەشبینیە گوزارشتی لە بێ ئەنجامی دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق کردەوەو پاشان وتی"من لە شاری سلێمانی لە سەر دوکانێکی جل و بەرگ شاگردم بە مانگانەی ٤٠٠ ھەزار دینار، بەڵام من لە تۆ ئەپرسم،- ئایا ئەگەر نیوەی ئەو بڕە پارە بدەم بە کرێی ھاتوچۆ چی لێ ئەمێنێتەوە ؟ بۆیە دڵنیام دەنگ بدەم بە بەربژێرەکان و نەیدەم، دوای ھەڵبژاردن من ھەر شاگردی ئەم دوکانەم و مانگانەکەم زیاد ناکات، وە ھیچ ھەلێکی کار ناڕەخسێت، ئیتر بۆ دەنگ بدەم ؟

فەرھاد عومەر یەکێکی ترە لەو گەنجانەی لەدایک بووی ٢٠٠٤ ی گەڕەکی زەرگەتەی سلێمانیە وتی" ماڵی باوکم بارودۆخی مادییان مام ناوەندییە، ناوە ناوە ئیش ئەکەم بەڵام زۆربەی کات بۆ دابینکردنی پێویستیەکانم چاوەڕێی دەستی ئەوانم، بەڵام وانابینم بە دەنگەکەم ھیچ لە بارودۆخی ژیانی خۆم و ئەوانی تر بگۆڕم، تەنھا دەنگدان سودی بۆ کاندیدەکان ھەیەو بەس.

ئاشنا رێبوار کچە خوێندکاری پەرستارییە لە پەیمانگای کوردستان سەبارەت بە کاریگەری دەنگدان وتی"ئەوەندەی دەنگەکەم گرنگە ئەوەندە خۆم گرنگ نیم لای بەربژێرەکان و لایەنە سیاسیەکان و تەنانەت حکومەتیش، ئەگەرنا بۆچی لە ھیچ ھەڵبژاردنێکدا بارودۆخی گەنجان باش و باشتر نەبووە ؟بۆیە من ھەر نامەوێ دەنگ بدەم کە ھیچ ئەرزشێک بۆ خۆم دروست نەکات.

لیزا قایەق کە ھاوڕێی ئاشنا بوو لە کاتی وەرگرتنی لێدوانەکە چەن جارێک بە بێ ئومێدییەوە وتی"راو بۆچوونی ئێمە کێ حسابی بۆ ئەکات ؟ ھەر ھیچ نەڵێین باشە، بۆیە وتم"بە قسەی تۆ بارودۆخەکە ئەوەندە خراپە وا تۆ رەشبینی ؟ لیزا بە پێکەنینێکی گاڵتە ئامێزەوە وتی"ئەنجامی دەنگدان بۆ ئێمە زۆر ناوئومێدترە لەوەی تۆ ئەیزانی، چونکە ھەموو دروشمەکانی ھەڵبژاردن تەنھا بۆ فریودانی دەنگدەرانەو ھیچ ئەنجام و گۆڕانکارییەکی جددی لێ ناکەوێتەوە.