جام کوردی- سەرۆکی زانکۆی توێژینەوەی بەرگریی نیشتمانی و سەربازی عێراق، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ زانکۆی فەرماندەیی و ستافی سوپای ئێران، جەختی کردەوە: گەلی عێراق هەرگیز پشتیوانی و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبیر ناکات.
لیوای فڕۆکەوان عەقیل مستەفا مەهدی، سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتمانی و توێژینەوەی سەربازی عێراق ڕایگەیاندووە: پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و دراوسێ (ئێران و عێراق) پەیوەندییەکی مێژوویین کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی لەبار پەرەی سەندووە و هیوادارین پەرەی زیاتریان هەبێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە گەلی عێراق هەرگیز پشتیوانی و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبیر ناکات، وتی: زۆر خۆشحاڵین کە ئەفسەرانی عێراقی لە زانکۆی فەرماندەیی و ستافی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران دەخوێنن و دەردەچن. دەرفەتی ئەوە هەیە خوێندکارانی عێراقی لە زانکۆکانی وڵاتانی دیکە بخوێنن، بەڵام ئێمە پێمان باشە لە ئێران بخوێنن، چونکە دڵنیاین ئەفسەرانی عێراقی خولێکی زۆر باش لەم زانکۆیە تێدەپەڕێنن و هەروەها مامۆستاکانی دافۆسی سوپای ئێران ئاستێکی زانستی و کوالێتی بەرزیان هەیە.
لەم سەردانەدا لیوا عەقیل مستەفا مەهدی و شاندی باڵای زانکۆی بەرگری نیشتیمانی و توێژینەوەی سەربازی عێراق سەردانی پۆلەکانی ڕاهێنان، سەنتەری یاری جەنگی، کۆلێژی جەنگ، مۆزەخانەی سەربازی، کتێبخانە، و پۆلەکانی فێرکاری زمانی فارسی دافۆسی سوپایان کرد.
لە درێژەی ئەم دیدارەدا، فەرماندە فەریق حسێن وەلیوەند زەمانی، فەرماندەی زانکۆی فەرماندەیی و ئەرکانی سوپا، هەروەها وتی: لە بواری سەربازیدا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ عێراقییەکان دەست پێکردووە و ئارەزووی پەرەپێدانی دەکەین، هەروەها بە تامەزرۆی ئەوەین خوێندکاری عێراقی ئامادەی ساڵی نوێی خوێندنی لە زانکۆی دافۆسی سوپا بێت و ئەگەر پەیوەندییەکانمان زیاد بکات، ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕی مامۆستاش.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هیوادارین هەردوو وڵات بە سەرکەوتوویی و بە شانازییەوە لەسەر ڕێگای هاوکاری و بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانیان بەرەو پێشەوە بچن و جەختی لەوە کردەوە: «پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق ناپچڕێندرێن.»
لە درێژەی ئەم سەردانەدا، عەمید جەنەڕاڵ غوڵامڕەزا نەسیرپوور، جێگری بەڕێوەبەری فێرکاری و پەروەردەی دافۆسی سوپا، مێژووی دامەزراندن و پرۆسەی گەشەپێدانی زانکۆکە و بوارەکان و بڕوانامەکانی و بەشێک لە دەستکەوتە زانستی و پەروەردەییەکان و تواناکانی زانکۆی فەرماندەیی و ستافی سوپای خستەڕوو.
هەروەها لیوای گشتیی فڕۆکەوانی ئەرکان «عقیل مستەفا مەهدی» سەرۆکی زانکۆی بەرگری نیشتمانی و توێژینەوەی سەربازی عێراق، لەم سەردانەیدا سەردانی زانکۆی باڵای بەرگریی نیشتمانی ئێرانی کرد.
لەم سەردانەدا کە لەلایەن سەردار فەریق ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم سەرۆکی زانکۆی باڵای بەرگریی نیشتمانیی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا، شاندی عێراقی سەردانی دامەزراوەکانی زانکۆ و بەشە جیاوازەکانیان کرد، لەوانەش کۆلێژەکانی بەرگری، بەڕێوەبردن، و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها لەم سەردانەدا شاندی عێراقی هەڵسەنگاندنیان بۆ ئاسانکاریی چاودێری و شوێنی مانەوەی پێشبینیکراو بۆ خوێندکارانی بیانی لە زانکۆکەدا کرد.