جام کوردی- لێدوانەکانی گرۆسی تەنها چەند هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی وەرزیی ئەنجومەنی بڕیاردانی ئاژانس دێت. لەم نێوەندەدا، سەرۆکی ئاژانس هەوڵدەدات بەگرتنەبەری زمانی ئاگادارکردنەوە، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، زەمینەی میدیایی و سیاسی بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە ئامادە بکات، ئەمەش ڕێبازێکە کە لە قۆناغەکانی پێشوودا پەیڕەو کراوە.
ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە دوایین چاوپێکەوتنی خۆیدا لەگەڵ میدیا ئەورووپییەکاندا ڕایگەیاند کە «نیگەرانیەکان سەبارەت بە ئەگەری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە هێشتا بە تەواوی نەڕواوەتەوە.» ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نویە زووریخە تسایتۆنگی ئەڵمانی، جەختی لەوە کردەوە کە پشکنەرانی ئاژانس «باوەڕیان بەوە نییە کە ئێران بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە شوێنی نادیاردا شاردبێتەوە» و ئاماژەی بەوەشکرد کە «زۆربەی ئەم مادەیە لە دامەزراوە ناسراوەکانی ئیسفەهان، فۆردۆ و تا ڕادەیەک لە نەتەنزدا هەڵگیراوە». گرۆسی وتی، «پشکنەران تەنیا کاتێک دەتوانن دەستیان بە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بگات کە تاران ئەم کارە بە بەرژەوەندی نیشتمانی خۆی بزانێت.» سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوەدا کە «هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسەکەدا هەرچەندە تاڕادەیەکی سنووردار درێژەی هەیە بەڵام تا ئەو ڕادەیە نییە کە بتوانین باس لە شەفافیەتی تەواو بکەین.” ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، «دانیشتنی هەموو لایەنەکان جارێکی دیکە لەسەر یەک مێز، دەتوانێت لە مەترسی خولێکی نوێی ململانێ و بۆردومان ڕزگارمان بکات.»
گرۆسی وتی: «ئەگەر گفتوگۆکان بەردەوام نەبن، ناتوانین پێشبینی ئەوە بکرێت کە ئەم پرۆسەیە بەرەو کوێ دەڕوات.»
لەلایەکی دیکەوە ڕووسیا وەک ئەندامێکی کاریگەر لە ئەنجومەنی بڕیاردان هەوڵدەدات ڕێگایەکی جیاواز بگرێتەبەر. چەند هەفتەیەکە مۆسکۆ لە هەڵوێستە فەرمییەکانیدا هەوڵدەدات کۆتایی بڕیارنامەی ٢٢٣١ وەک "کۆتایییەکی سروشتی بۆ سنووردارکردنەکان" بخاتەڕوو و نەک گەڕانەوە بۆ سزاکان. ئەم هەڵوێستانە ئەوە دەردەخەن کە لە سەروبەندی کۆبوونەوەی داهاتوودا، کرێملین، وەک قۆناغەکانی پێشوو، لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی شەپۆلی پڕوپاگەندەی ڕۆژئاوایە لە دژی ئێران و بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە میدیایی و دیپلۆماسییەکانی، بە نیازە هاوسەنگی گێڕانەوەی لەسەر پرسی ئێران تێکبدات.
پێدەچێت گرۆسی کە ئاگاداری ئەم پێشهاتانە بێت، هەوڵدەدات ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی ئێران بخرێتەوە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی بڕیاردان بە ئاماژەدان بەوەی کە «هێشتا ئەگەری بەلاڕێدا بردنی ئەتۆمی ڕەت نەکراوەتەوە.» لە ڕاستیدا هەوڵ دەدات بە بەرهەمهێنانەوەی کەشی نیگەرانی، کۆدەنگییەکی سیاسی نوێ دژ بە تاران دروست بکات، کۆدەنگییەک کە ئەگەر پێویست بکات، دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ بڕیارنامەیەک یان فشارە نوێیەکان. بەڵام ڕووسیا بە پشتیوانی چین و بەشێک لە ئەندامانی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان، شەپۆلێکی دژە میدیایی بۆ تەحەدای گێڕانەوەی ڕۆژئاوایی سەبارەت بە «قەیرانی ئەتۆمی ئێران» و پاراستنی تاران لە پێگەی وڵاتێکی "تۆمەتبار بەڵام پابەندی یاسا" ڕێکدەخات. لەم ڕوانگەیەوە، کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی بڕیاردان لە هەموو کاتێک زیاتر لە گۆڕەپانی گێڕانەوە و کێبڕکێی سیاسی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەچێت.
ئێران ڕێگە نادات ئەمجارە گۆڕەپانی یاریکردن بگۆڕێت
لە لایەکی دیکەوە وا دیارە ئێران لە سەروبەندی ئەم دانیشتنەدا بەنیازە ڕێبازێکی جیاواز لە ڕابردوو بگرێتەبەر. ئەزمونی چەند خولێکی پێشووتر دەریخستبوو کە کاردانەوەکانی تاران دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی بڕیاردان بە شێوەیەکی سەرەکی ناڕەزایەتی و ڕەمزی بوو، هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی کاتی هەندێک هاوکاری. بەڵام ئەمجارە ئاماژەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران بەنیازە بە پاراستنی کەمترین ئاستی هاوکاریی پارێزبەندی، نەکەوێتە داوی بانگەشەی میدیایی لەلایەن گرۆسی و هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانییەوە.
کۆتایی تەمەنی دە ساڵەی بەرجام و بڕیارنامەی ٢٢٣١ دەتوانرێت بە وەرچەرخانێک لە مێژووی دیپلۆماسیەتی ئەتۆمی ئێراندا هەژمار بکرێت؛ خاڵێک کە لە ڕوانگەی تارانەوە، لاپەڕەیەکی نوێی لە هاوکارییە ئەتۆمییەکاندا دیاری کردووە. کۆماری ئیسلامی ئێستا پێی وایە بە کۆتایی ئەم بڕیارنامەیە، مەلەفی ئەتۆمیی وڵات دەبێت لەسەر ڕێبازی ئاسایی و ناسیاسی خۆی درێژەی هەبێت. بەم پێیە، ئێران پێیوایە چیتر پێویستی بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دەورەیی بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نابێت، چونکە پێی وایە چوارچێوەی یاسایی پابەندکەری بەرجام کۆتایی هاتووە و لەمەودوا هاوکارییەکان تەنیا لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایی و یاسای نێودەوڵەتیدا ڕێکبخرێن.
لە ڕاستیدا تاران هەوڵدەدات چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس سنووردار بەڵام یاسایی بهێڵێتەوە بە جیاکردنەوەی نێوان "پارێزگارییەکان" و "چاودێریکردن لە دەرەوەی پارێزبەندییەکان". ئەمەش بەو مانایەیە کە لە کاتێکدا پشکنەران لەسەر ئاستی تەکنیکی بەردەوام دەبن لە ئامادەبوون، بەڵام ڕێگە نادات ئەم هاوکارییە ببێتە ئامرازێک بۆ گوشاری سیاسی. لەم پێوەندییەدا، بەرپرسانی ئێران چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سیاسەتی وڵات نە کشانەوەیە لە NPT و نە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاژانس، بەڵکو هاوکارییە لە چوارچێوەی ئەرکە ڕەواکاندا.
لە ڕوانگەی شیکارییەوە، تاران باش فێری ئەوە بووە کە هەر کاردانەوەیەکی تووند یان کشانەوەیەکی کتوپڕ لە هاوکاریەکان دەتوانێت گۆڕەپانی یاریکردن بە قازانجی نەیارەکانی بگۆڕێت و بنەمای پێویست بۆ دەرکردنی بڕیارنامەی نوێ دابین بکات. کەواتە، ڕێبازی ئێستای ئێران لەسەر بنەمای کۆنترۆڵکردنی قەیران و پووچەڵکردنەوەی فشاری میدیایی و کەڵک وەرگرتن لە توانای دیپلۆماسی فرەلایەنە لە بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا دامەزراوە. هەر بەو هۆیەشەوە، پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی بڕیارداندا، بە پێچەوانەی ڕابردوو، ئێران بە ڕێبازێکی هێمنتر بەڵام ئامانجدارترەوە بچێتە ناوەوە و ڕێگە نادات گرۆسی و ئەوانی دیکە بە سوود وەرگرتن لە کەشی ڕاگەیاندن جارێکی دیکە بنەمای جموجۆڵە سیاسییەکان لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵات دروست بکەن.