جام کوردی- ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بووەتەوە هۆی کارەساتی ژینگەیی و ئاوی و وشکەساڵی توند لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
عێراق بەهۆی کردەوەکانی تورکیا و دروستکردنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی ئاو و شکەساڵی بووەتەوە، بەجۆرێک کە لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا کە لە نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە ئەنجام دەدرێت، پرسی ئاو یەکێک بووە لە تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆکە.
ڕەفیق هاشم، ئەندامی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە پەرلەمانی عێراق، دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی تورکیا بە ڕێژەی بەشە ئاوی عێراق، ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی کارەساتێکی سەختی ژینگەیی و ئاو بووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، شەپۆلی وشکەساڵییەکی توند پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا دۆسیەی ئاو وەک کارتێکی گوشار بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان لەسەر حیسابی گیانی ملیۆنان عێراقی، بەخراپی بەکاردەهێنێت.
ئەندامی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمەعلومە جەختی لەوە کردەوە کە گەورەترین بەنداوی عێراق زیاتر لە 90%ی یەدەگی ئاوی لەدەستداوە بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتنی ئاو بۆ دیجلە و فوراتەوە.
میدیا عێراقییەکان لەم دواییانەدا چەندین ڕاپۆرتیان لەسەر وشکەساڵی و قەیرانی ئاو لە وڵاتەکەدا بڵاوکردۆتەوە و یەکێک لە هۆکارەکانی قەیرانی ئاویش بۆ ژمارەی زۆری بەنداوی تورکیا لەسەر دوو ڕووباری سەرەکی دیجلە و فورات و هەروەها زیادبوونی کەمبوونەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ڕێژەی ئاوی هاتنە ژوورەوە لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە یەدەگی ئاوی ئەو وڵاتە بۆ کەمتر لە هەشت ملیار مەتر سێجا دابەزیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ وەرزێکی سەختی نوێ کە دەکرێت خراپترین وەرز بێت لە ماوەی نزیکەی ئەم سەدەی دواییەدا.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، عەون زەیاب عەبدوڵڵا ڕایگەیاندبوو، ساڵی 2025 یەکێک دەبێت لە ساڵە سەختەكانی عێراق لەڕووی کەم ئاویەوە، بەهۆی بەردەوامی دابەزینی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت تورکیا. ئەم قەیرانە هاوکات بووە لەگەڵ وشکەساڵییەکی بەردەوام کە کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنیل بوراینان باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و پرسی ئاو یەکێک بوو لە خاڵە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر پێویستی هاوکاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە چارەسەرەکان کرایەوە کە مافەکانی بەشە ئاوی عێراق گەرەنتی بکات.
پێشتریش سێ وەزیری کابینەی سودان چەندین بڕیاریان دا، کە گرنگترینیان هەوڵدان بوو بۆ دانوستاندنی خێرا لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوی عێراق لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا.
فالح خەزعەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، تورکیا پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و شەڕی دژی عێراق لەسەر ئاو دەستپێکردووە، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر کوالیتی و بڕی ئاوی عێراق هەبووە.