سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە وتی: ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە ئەگەرێک و چاوەڕوانی هەر جۆرە کردەیەکی دوژمنکارانە لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەین.
ناوبراو زیادی کرد: لە هەموو ئاستەکاندا زیاتر ئامادەکاریمان کردووە، ئیسرائیلیش لە هەر شەڕێکی داهاتوودا تووشی شکستێکی دیکە دەبێتەوە.
بەررسی دەزگای دیپلۆماسی ئێران جەختی لەوە کردەوە: لە شەڕی ئەم دواییەدا ئەزموونێکی زۆرمان پەیدا کرد و مووشەکەکانمان لە شەڕێکی ڕاستەقینەدا تاقیکردەوە.
عێراقچی ڕایگەیاند: ئەگەر ڕژێمی زایۆنی هەر جۆرە هەنگاوێکی دوژمنکارانە ئەنجام بدات، ئەنجامەکانی بۆی خراپ دەبن.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە هەوڵی ئیسرائیل بۆ ڕاکێشانی شەڕ بۆ ناوچەکە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران وتی: ئێمە توانیمان شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بە باشی بەڕێوە ببەین و ڕێگری بکەین لە تەشەنەسەندنی لە ناوچەکەدا.
عێراقچی ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئیسرائیل بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا هێرشی نەدەکردە سەر ئێران و دەشڵێت: ناتانیاهۆ تاوانبارێکی جەنگە و بۆ ناوچەکە سەلمێنراوە کە ئیسرائیل دوژمنی ڕاستەقینەی ئەوانە.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئێران وتی: ئێمە ئامادەین دانوستان بکەین بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەمان و دڵنیاین کە ئاشتیخوازانەیە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە هەیە بەڵام واشنتۆن مەرجی جێبەجێنەکراو و قبوڵنەکراوی داناوە.
عێراقچی بە جەختکردنەوە لەسەر دانوستان نەکردنی ئێران لەسەر بەرنامەی مووشەکی، وتی: هیچ کەسێکی عاقڵ ناتوانێ چەکداماڵینی خۆی قبوڵ بکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: ئێران ناتوانێت پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و ئەوەی لە ڕێگەی شەڕەوە بەدەست نەهاتووە، لە ڕێگەی سیاسەتیشەوە نادرێت.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئێران وتی: ئێمە هیچ خواستێکمان بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن نیە و دەتوانین لە ڕێگەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بگەینە ڕێککەوتن.
ئاماژەی بەوەشکرد: تائێستا ماددە ئەتۆمییەکان لەژێر داروپەردووی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییەدان کە بۆردومان کراوە و نەگوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە: ئەولەویەتی ئێمە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئێمە ئامادەین بەبێ هیچ سەپاندنێک کار لەگەڵ ڕۆژئاوادا بکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە: ئێمە پشتیوانی لە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەری ئیدانە دەکەین.