جام کوردی - سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وتی: کاتێک نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا و لوبنان درکی بەوە کرد کە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا چەندە قورسە، ڕووی کردە هەڕەشە لە لوبنان.
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا و لوبنان، کاتێک زانی کە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا چەندە قورسە، ڕووی کردە هەڕەشە کردن لە لوبنان.
لاریجانی بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا و لوبنان، لە کۆبوونەوەی شارەزایانی زانستە مرۆییەکان وتی: بەڕێز باراک کە زۆر بە ئاسانی قسە دەکات و مەبەستی خۆی دەخاتە ڕوو، کاتێک بۆ یەکەمجار گەیشتە ئەوێ وتی کە زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ کاتتان نییە و دەبێت چەک داماڵینی حیزبوڵڵا ئەنجام بدەن. بەڵام دواتر بۆی دەرکەوت کە ئەمە مومکین نییە و تووڕە بوو و نەفرەتی کرد و لەم دواییانەدا وتی یان گوێمان لێدەگرن یان خۆتان دەزانن ئەمەش واتە ئێمە بە ئیسرائیل دەڵێین لێتان بدات.
سەبارەت بە داخوازییەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لە ئێران، لاریجانی ڕایگەیاند، ئامانجی بەرجەستەی دوژمن شکاندنی ئێران و میللەتەکەیەتی و ئیرادەی ئەو وڵاتەیە، وتی: ئەوانەی ڕەزامەندییان لەسەر پیتاندن داوە، ئێستا دەڵێن نابێ پیتاندن بکەن، بۆیە ئەوان هەلپەرستن. داواکارییەکانیان بێکۆتایە. دوای پیتاندن دەڵێن، مەودای مووشەکەکانتان کەم بکەنەوە و هەمان کار بکەن لە ناوچەکەدا وەک ئەوەی ئێمە دەڵێین. من پێموایە بەرخۆدانێکی نەتەوەیی لە بەرامبەر ئەو داخوازییانەدا پێویستە و ئێران و ئێرانییەکان دەبێ لەسەر ئەم قسەیانەدا بوەستن.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ناڵێین دانوستان ناکەین، بەڵکو دەبێت دانوستانەکە ڕاستەقینە بێت، نەک پێشوەختە بڵێن کە دەبێت کۆتایی بەم جۆرە بێت.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران جەختی کردەوە: هیچ کەس ناڵێت دانوستان نەکەین، بەڵکو دەبێ لە شوێنی خۆیدا بکرێت، وەها نەزانن کە کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک نایەوێت دانوستان بکات، ئێمە خەریکی دانوستان بووین کە شەڕیان هەڵگیرساند، بەڵام ئێستا ئامانجیان دانوستان نییە، ئەوان دەڵێن دانوستان بکەن بە ئەنجامێکی دیاریکراو کە دەیانەوێت. پێویستە کەمێک بێنە سەر هۆشی خۆیان.