لەم ڕێوڕەسمەدا، غەریب سەجادی، قایمقامی سنە، وێڕای ستایشکردنی نووسەری بەرهەم، خاتوون گوڵاڵە سادقی، جەختی لەسەر پێویستی پاراستن و بەرەوپێشبردنی کولتوری گیانفیدایی و لەخۆبردویی لە کۆمەڵگادا کردەوە و وتی: لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێمەدا سەرمایە تەنیا ئابووری نییە، بەڵکو سەرمایەی کەلتووری، کۆمەڵایەتیو مرۆیی بەنرختر و بەردەوامترن و ئەگەر ئەم سەرمایە ڕەمزییانە بە شێوەیەکی دروست بناسێنرێن و بپارێزرێن، دەتوانن ڕێنوێنی نەوەی گەنج بەرەو بەها ڕاستەقینەکان بن.
سەجادی بە ئاماژەدان بە ناوەڕۆکی کتێبی "ئارمانی کوردستان"زیادی کرد: قەبارە و ئەستووری کتێبەکە پێوەری گرنگی نییە، بەڵکو پەیام و ناوەڕۆکەکەیە کەگرنگی ونرخی هەیە، ئەم بەرهەمە بە وەبیرهێنانەوەی فیداکاری و خۆنەویستی لاوێکی خەڵکی سنە، پەیامێکی قووڵی بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆ هەیە و دەتوانێ ئیلهامبەخش بێت بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ناساندنی هێمای مرۆڤدۆستانە و ئەخلاقی لە کۆمەڵگادا، وتی: پێویستە لە هەموو کاتێک زیاتر پشتگیری و داکۆکی ئەم جۆرە بەرهەمە کولتوورییانە بکرێن و برەویان پێ بدرێت. ئارمان بەنەفشی تەنیا ناوێک نییە؛ ئەو هێمای خۆنەویستی و بەرپرسیارێتی و خۆبەخشییە و زیندوو ڕاگرتنی یادەوەری و ڕێگاکەی بە واتای پاراستنی بەها مرۆییەکانە.
قایمقامی سنە لە کۆتاییدا وتی: کولتوری فیداکاری و خۆبەخشی بەشێکە لە ناسنامەی خەڵکی کوردستان و پاراستن و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەرکی هاوبەشی هەموومانە. کتێبەکانی وەک "ئارمانی کوردستان"نەک هەر یادەوەری مرۆڤێکی خۆنەویست زیندوو دەکەنەوە، بەڵکو ڕۆحی هاوسۆزی و هیوا لە کۆمەڵگادا بەهێزتر دەکەن.
شایانی باسە ئارمان بەنەفشی گەنجی دڵسۆزی خەڵکی سنە، خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی لە گوندی خەلیچیانی سنە چوو بە هانای باوکێک و سێ کوڕیکە کەوتبوونە ناو بیرێکی باخەکەیان و لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی "سیوان"، ژیانی هەر چوار کەسیانی ڕزگار کرد، بەڵام خۆی بە هۆی ماندوویەتی لە نیوەی ڕێگاکەدا کەوتە ناو بیرەکە و ژیانی لەدەستدا.