میخائیل ئۆڵیانۆڤ باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤییەنا، چوارشەممە ڕاگەیاند: ئەمڕۆ چین، ئێران و ڕووسیا خولێکی دیکەی ڕاوێژکاری سێ لایەنە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیان بەڕێوەبرد.
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە نوێنەرانی سێ وڵات هەڵوێستەکانی خۆیان هەماهەنگ کردووە بۆ ئەوەی پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نوێی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئامادەیی تەواویان هەبێت.
بە گوێرەی بەرنامەی ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی بڕیاردەران لە ڤییەنا، ئەمجارە بە پێچەوانەی خولەکانی پێشوو بابەتی ئێران بە کۆتایی هاتنی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەنیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی پادمانی تاوتوێ دەکرێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بنەمای هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کراوی پەرلەمانی ئێران دەبێت.