جام کوردی - واحد جولایی بەرپرسی بەشی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دەستکرد و
گەشتوگوزاری مەهاباد وتی: پلانێکی لێکۆڵینەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنەواری مێژوویی
کاروانسەرای "کۆخی کورتەک" لەم شارە و گۆڕینی بۆ هاوینەهەواری شاخەوانی داڕێژراوە.
ناوبراو زیادی کرد: ئەم پلانە توێژینەوەیە بە هاوکاری "بێهنام پێدارم"، ئەندامی لێژنەی زانستی کۆلیژی زانکۆی
هونەری ئیسفەهان وەک سەرپەرشتیار و ڕێنوێنی پلانی تویژینەوە و "سۆنیا ئەکبەری" لە زانکۆی ئیسفەهان ئامادەکراوە و داڕێژراوە.
جولایی ئاماژەی بەوەشکرد: جگە لە ڕێگریکردن لە وێرانبوونی بیناکە، بە جێبەجێکردنی
ئەم پلانە، لەلایەن شاخەوانانەوەگرنگی زیاتر بە چاککردنەوە و پاراستنیشی دەدرێت.
بە وتەی بەرپرسی بەشی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دەستکرد و گەشتیاریی
مەهاباد، کاروانسەرای مێژوویی "کۆخی کورتەک" کە ساڵانێک بوو بە نادیار مابووەوە، بە هەوڵی شارەزایانی میراتی
فەرهەنگی دەستنیشان کرا و تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیار ڕیاڵ بۆ بەهێزکردن و
سووککردنی قوبە و نۆژەنکردنەوەی بەشە زیانلێکەوتووەکانی خەرج کراوە.
جولایی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم بینایە هێشتا پێویستی بە پارەی
زیاترە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی بەشەکانی دەرەوە و لە ئەنجامی هەوڵە
بەردەوامەکاندا، هەنووکە لە رێزی پێشەوەینۆژەنکارییەکانیبەڕێوەبەرایەتی گشتی میراتی
فەرهەنگی ئازەربایجانی ڕۆژئاوادایە.
سەرۆکیفەرمانگەی میراتی فەرهەنگی مەهاباد جەختی لەوە کردەوە: پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە
مێژووییەکان وەک میراتی فەرهەنگی و ناسنامەی مێژوویی ناوچەکە پێویستی بە پلانی ورد
و بەردەوام هەیە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی کاروانسەراکان دەبێ بە شێوەیەک بەڕێوە
بچێت کە شێوازی تەلارسازی ڕەسەن و ڕەسەنایەتییەکەی بپارێزێت.هەروەها بانگهێشتی خێرخوازان و هۆگرانی
شوێنەوارە مێژووییەکان دەکەن بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەم
بینا بەنرخە.
ئاسەواری مێژوویی "کۆخی کورتەک" لە شاری مەهاباد لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ تۆمارکردن لە لیستی شوێنەوارە
نیشتمانییەکان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی میراتی فەرهەنگی ناسێندرا و دوای ئەنجامدانی
لێکۆڵینەوەی پێویست، دوای ساڵێک لەپێرستی ئاسەوارە نیشتمانیەکان تۆمارکرا.
ئەم کاروانسەرایە وەک زۆرێک لە کاروانسەرا مێژووییەکانی وڵات، بە هۆی
هەڵکەوتەی لەسەر ڕێگای ئاوریشم، گرنگی و پێگەیەکی تایبەتی لە کولتوور و بیروباوەڕی
خەڵکی ناوچەکەدا هەیە. ئاسەواریئەم بینایە، ڕووداوەکان بیردەخەنەوە و بەشێک لە مێژوو و
ژیانی خەڵکی ئەو سەردەمە دەگێڕنەوە.
کاروانسەرای "کۆخی کورتەک" لە باشووری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لە نزیک گوندی "کانیسپی" لە مەهاباد، لەسەر یەکێک لە لقەکانی
ڕێگای ئاوریشم دروستکراوە. لە ڕووی تایبەتمەندی تەلارسازی و تەکنۆلۆژیای بیناسازییەوە، پاشماوەی
ئەم بینایە بەراورد دەکرێت بە کاروانسەرا مێژووییەکانی "شا عەباسی" و "دەرەخان"ی خۆی و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ
سەردەمی سەفەوییەکان.
بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژووییەکان، ئەم کاروانسەرایە بۆ هۆی بووژانەوەی بازرگانی و کاسبی لە ناوچەکەدا دروست بووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ڕۆڵی دیکە، وەک ئەرکی سەربازی، لە فراوانبوون و بەردەوامبوونیداکاریگەر بووە.
شاری مەهاباد خاوەنی ٩٢ شوێنەواری مێژوویی تۆمارکراوی نیشتمانییە،
لەوانە بەنداوی مەهاباد، ئەشکەوتی سەهۆلان، تاڵاوی نێودەوڵەتی کانیبەرەزان،
مۆزەخانەی خەڵکناسی و حەمامی میرزا ڕەسووڵ، فەقرەقا، بەردە کونتە، مزگەوتی جامیع
لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم شارەن.