بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی ئێران، سەید محەممەد ئەتابەک، وەزیری ئەم وەزارەتخانە، لە درێژەی دانوستانە چڕەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێی باکوور، ئەمجارەیان بە مەبەستی دانوستان لەگەڵ کەسانی سیاسی پلە باڵای ئەو وڵاتە، سەفەری تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستانی کردووە و بەرپرسانی ئابووری، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکەن بۆ ڕێکەوتنی نوێی باج و لابردنی بەربەستە گومرکییەکان و ئاسانکاری بۆ مامەڵە بازرگانییەکان.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی لەگەڵ بازرگانان و کاسبکارانی ئێرانی دانیشتووی ئۆزبەکستان لە باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیداری کرد. ناوبراو وێڕای پێداچونەوە بە پرس و گرفتەکانی بازرگانان و کاسبکاران، وتی: خۆشبەختانە هەوڵەکانی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی و هەموو دامودەزگاکانی پێوەندیدار بە بازرگانی دەرئەنجامی لێکەوتەوە و ئەمساڵ شایەتی گەشەسەندنی لەسەدا ٥٨ی قەبارەی ئاڵوگۆڕەکانی نێوان ئێران و ئۆزبەکستان بووین.
ئەتابەک بە ئاماژەدان بە ڕۆڵ و گرنگی ئۆزبەکستان وەک بازنەی پێکەوە گرێدان لە ئاسیای ناوەڕاست وتی: هەرچەندە هەوڵەکانی ئەم دواییە بووەتە هۆی زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەڵام ئەمە بەس نییە و دەبێت بە خێرایی بازدانێکی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بکەین بە لابردنی هەندێک بەربەست، بەتایبەتی لە بوارەکانی گواستنەوەی شەمەندەفەر و ڕێگاوبان، کێشەکانی گومرکی، و واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی بازرگانی ئیمتیازدار لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی ئێران، ئەندامانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، جێگری وەزیر و بەرپرسی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران، جێگری وەزیر و بەرپرسی دەستەی کارگێڕی ئیمیدرۆ، و بەرپرسانی وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی لەم سەفەرەدا یاوەری ئەتابەکن.