سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە لە ئێستادا هیچ ئەگەرێک نییە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا. هەرکاتێک ئەمریکییەکان ئامادەبن بۆ دانوستانێکی یەکسان و سوودبەخش بۆ هەردوولا، ئەوا دەکرێت دانوستان بێتە ئاراوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی حکوومەتی ئێران، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، عێراقچی ی ڕایگەیاندووە: ڕاستیەکە ئەوەیە کە لە ئێستادا هیچ ئەگەرێک لە ئارادا نییە، چوونکە ئێمە هیچ ڕێبازێکی ئەرێنی و بنیاتنەر لە ئەمریکاوە بەدی ناکەین.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: هەرکاتێک ئامادەبن بۆ دانوستان لەسەر پێیەکی یەکسان بۆ ڕێککەوتنێکی بەسوود بۆ هەردوولا؛ دانوستان دەکرێت مومکین بێت و ئێرانیش دەتوانێت بیری لێبکاتەوە. بەڵام ئەو ڕێبازەی لە ئەمریکییەکان دەیبینین ئاماژە بەوە ناکات.