سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: ئەمریکا لە ڕێگەی وڵاتانی لایەنی سێهەمەوە پەیامی دژبەیەک سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکان دەنێرێت.
ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە: خەتیب زادە لە دوازدەهەمین لوتکەی ستراتیجی ئەبوزەبی ڕایگەیاند کە ئێران ئامادەیە بگاتە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی ئاشتیانە، بەڵام سازش لەسەر پرسەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ناکات.
ناوبراو جەختی لەسەر هەڵوێستی تاران کردەوە کە ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت و وتی: ئێران شانازی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە دەکات کە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدایە.
خەتیب بزادە هەروەها لەو دیدارەدا ڕایگەیاند کە تاران دەیەوێت بەرەو باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ناوچەکە هەنگاو بنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە وتەی ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمریکییەکان ڕایدەگەیەنن کە دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام لە واقیعدا نایانەوێت و هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەرەو ڕێککەوتن نانێن و بە پێچەوانەوە مامەڵە دەکەن.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە: ئەوان بە کردار نیشانیان داوە کە هیچ نیازێکی باش و جددییان لەم ڕووەوە نییە.