بەڕێوەبەرانی یانەکە بیر لە بژاردەی جۆراوجۆر دەکەنەوە بۆ بەهێزکردنی پێگە سەرەکییەکانی تیپەکە، لەهەمان کاتیشدا پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا هەندێک یاریزانی ئێستا بەرەو تیپەکانی تر بڕۆن.


لەلایەکی دیکەوە، جارێکی دیکە ناوی کەنان یڵدز، ئەستێرەی لاوی تورکی پێشنیار بە یانە مەدریدیەکە کراوە. یاریزانە تەمەن 20 ساڵەکە کە بە یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی تیپەکە لە یۆڤانتۆس دادەنرێت، سەرنجی تیپە گەورەکانی ئەوروپای بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ماسیمۆ ماورۆ، یاریزانی پێشووی یانەی یۆڤانتۆس و ناپۆلی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "لاگازێتا دیلۆ سپۆرت" سەبارەت بە دۆخی یڵدز ڕایگەیاند، هێشتا گەنجە و ئەزموونی پێویستی بەدەستنەهێناوە بۆ ئەوەی بە تەواوی سەرکردایەتی تیپەکە بکات. بە گوتەی ماورۆ، پێدانی ژمارە 10 بە یڵدز بڕیارێکی دروست بوو، بەڵام ڕادەستکردنی کاپتنایەتی کەمێک پێشوەختە بوو.


بەڵام ماورۆ پێی وایە شێوازی یاریکردنی یڵدز بە تەواوی لەگەڵ تیپەکانی وەک ڕیال مەدرید یان مانچستەر سیتی دەگونجێت و ئەو یاریزانە دەتوانێت ببێتە بژاردەیەکی جددی بۆ ئەوان لە داهاتوویەکی نزیکدا. دووپاتیشی کردەوە، پێویستە یانەکان بە زووترین کات مامەڵە بکەن بۆ گواستنەوەی ئەو جۆرە بەهرەمەندانە، چونکە هەمیشە دەرفەتەکان سنووردارن و بەهای ئابوری یاریزانەکەش بەرزە.


پێشتر ناوی یڵدز وەک بژاردەیەکی ئەگەری بۆ ڕیال مەدرید باس کرابوو، بەڵام تا ئێستا هیچ گواستنەوەیەکی فەرمی نەکراوە. بەڵام بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو لە لیستی ئەولەویەتەکانی داهاتووی مەدریددایە و دەکرێت لە هاوینی 2026دا یەکێک بێت لە ئامانجە سەرەکییەکان.