لێژنەی دووەمی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرپرسە لە لێکۆڵینەوە لە پرسە ئابووری و داراییەکان، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی بە ناونیشانی «مافی گەلی فەلەستین بۆ سەروەری هەمیشەیی بەسەر خاکی داگیرکراوی فەلەستین، لەوانەش قودسی ڕۆژهەڵات، و مافی دانیشتوانی جۆلانی داگیرکراوی سوریا بۆ سەروەری بەسەر سامانە سروشتییەکانیان» پەسەند کرد.
ڕەشنووسی بڕیارنامەکە بە ١٥٢ دەنگی بەڵێ و ٨ دەنگی نەخێر و ١٢ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا. بڕیارنامەکە جەخت لەسەر کۆمەڵێک بنەمای بنەڕەتی دەکاتەوە، لەوانەش ڕێککەوتننامەی جنێڤ سەبارەت بە پاراستنی کەسانی مەدەنی لە کاتی شەڕدا لە خاکی داگیرکراوی فەلەستین، هەروەها پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان.
ئەم بڕیارنامەیە بە قووڵی نیگەرانیی خۆی لە ئیستغلالکردنی سامانە سروشتییەکانی فەلەستین و لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و ژێرخانەکانی ئەوان لە لایەن ئیسرائیلەوە دەربڕیوە و ئاماژە بە زیانە زۆرەکانی کەرتی غەززە دەکات. دەقی بڕیارنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نیشتەجێبوونی نایاسایی ئیسرائیل کاریگەریی نەرێنی و بەربڵاوی لەسەر ژیانی گەلی فەلەستین هەیە.
ئەم بڕیارنامەیە جەخت لەسەر مافە نەسەندراو و زەوتنەکراوەکانی گەلی فەلەستین دەکاتەوە بەرامبەر بە سامانە سروشتییەکانی، داوا لە ئیسرائیل دەکات کۆتایی بە ئیستغلالکردنی ئەو سەرچاوانە بهێنێت و ڕێگە بە فەلەستینییەکان بدات داوای قەرەبووی ئیستغلالکردنی ڕابردوو بکەن.
لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، دیواری دابڕان و ڕێوشوێنی هاوشێوەی دیکە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیانی گەورەی بە ژینگەی فەلەستین گەیاندووە.