ڕەزا نەجەفی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێران سەبارەت بە کردەوەی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی لە خستنەڕووی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی نوێ بۆ دەستەی پارێزگارانی ئاژانسەکە، وتی: ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی، لە درێژەدان بە خراپ بەکارهێنانی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەپاندنی بۆچوونی ناعەقڵانی و چەوسێنەرانەی خۆیان بەسەر نەتەوەی ئێراندا هەوڵیانداوە لە ڤیەنا ئەو شتانە بسەپێنن کە لە نیویۆرک بەدەستیان نەهێناوە بە سوودوەرگرتن لە زۆرینەی ژمارەیی خۆیان لە دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.
ڕەزا نەجەفی ڕایگەیاند: ناچارکردنی بەڕێوەبەری گشتی بۆ ڕاپۆرتکردن لەسەر بنەمای بڕیارە بەسەرچووەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، جگە لەوەی ڕێوشوێنێکی تەواو نایاسایی و ناڕەوایە، بە کردەوە ئاڵۆزییەکانی ئێستاش زیاد دەکات و گورزێکی دیکە لە دیپلۆماسی دەدات.
نەجەفی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کردەوەی نایاسایی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئێستای جێبەجێکردنی پارێزبەندییەکان لە ئێران ناکات کە دەرئەنجامی دەستدرێژیی تاوانکاریی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە بۆ سەر ئێران و هێورکردنەوە و هاوبەشی سێ وڵاتی ئەورووپی.
نەجەفی وێڕای داخوازی لە هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی بڕیاردان کرد کە دژایەتی هەنگاوی یەکلایەنە و وێرانکەری ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران بکەن، جەختی لە مافی ئێران کردەوە کە بە شێوەیەکی شیاو وەڵامی هەر هەنگاوێکی نایاسایی و ناڕەوای ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەوروپی بداتەوە.