جام کوردی - تاقەوسان یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستانە لە سنووری شاری کرماشان هەڵکەوتووە، مێژووی دروستکردنی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە، بە هونەرێکی بەرز لە قوڵایی کێوی بێستووندا پەیکەرە مێژووییەکان نەخشێنراوون.
لە تاقەوسان نیگارى ئەردەشیرى دووەم و شاپوورى دووەم، پاشایانى ساسانى بەدى دەکرێت، بووەتە شاهیدێکى مێژوویى بۆ دەسەڵاتدارى کورد لەم ناوچەیە، جگە لە ئاسەوارە مێژووییەکەی، تاقەوسان سەیرانگایەکی بەناوبانگ و سەرنجڕاکێشە.
کەیهان موئمیوەند، پسپۆڕى مێژوو و شوێنەوارناسى دەڵێت ''ئەمە مێژووى سەدانساڵەى ئێران و مێژووى 400 ساڵەى ساسانییەکان دەگێڕێتەوە''
تاقەوسان بریتییە لە دوو تاقی لێک لکاو و لە بەردی خاوی ڕەنگی خۆڵەمێشیە کە لە کێوەکە هەڵکۆڵدراوە. لە ڕاستیدا تایبەتمەندی بەرچاوی ئەو بەردگەلە ئەوەیە کە گژوگیا تێیدا شین نابێت. ئەو کۆمەڵە لە سێ بەشی سەرەکی و گرینگ پێک هاتووە.
ئەو سێ بەشە بریتین لە:
١: بەردی تاجدانەری ئەردەشێری دووهەم کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 380- 383 ی زایینی
٢: تاقی گەورە ناسراو بە هێوانی گەورە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەم پادشایەتی خەسرەو پەرویز و ساڵەکانی 628- 590 ی زایینی.
٣: تاقی بچووک ناسراو بە هێوانی بچووک کە وێنەی بەرجستەی شاپووری سێهەم لە ساڵەکانی 383- 380 ی زایینی لەسەرە.
هەموو نەخش و وێنەکانی سەر بەردەکانی تاقەوسان بە وردی و جوانییەکی هونەرمەندانە کێشراون بە جۆرێک کە دەڵێی وێنەکە گیراوە و بە دەست نەکێشراوە.
تاقی گەورە وێنەی داتاشراو جوانی لەسەرە کە لە چەند بەش پێکهاتووە. ئەو وێنە داتاشراوانە پاناییەکەیان 7.5 مەتر، بەرزاییەکەی زیاتر لە 11 مەتر و قووڵاییەکەی نزیک بە 7.5 مەتر دەبێت. لە بەشی چوونە ژوورەوەی تاقەکە، بەردە داتاشراوی جوان بە وێنەی فریشتەی باڵدار، داری ژیان، ڕاوی پەلەوەر و خوو، ڕاوی ماسی، سەر ئاژەڵگەلێک وکوو فیل و ئەسپ کێشراوە.
هەر لە تاقی گەورە و لە لایەک لە وێنە داتاشراوەکە وێنەی شا دەردەکەوێت کە سوار لەسەر ئەسپێک خەریکی ڕاوی کەڵەکێویە و بە وردەکارییەکی تایبەت و جوان کێشراوە. هەروەها سێ ڕزن ژن بەچاو دەبینرێت کە دوو ڕزنیان بە حالەتی ڕێزدانان وەستاون و ڕزنی سێهەمیش ژنەکان لە حاڵەتی ژەنینی مۆسیقا نیشان دەدات. لەلای چەپی ئەو وێنەیە چوار حوشترسوار کیشراوە کە کەڵەکێویە ڕاوکراوەکان دەگوازنەوە.
لە تاقی بچووکی تاقەوساندا دوو بەردەنووسراو بە خەتی پاڵەوی بەجێماوە.
تاقی بچووک بە شێوەی لاکێش بە بەرزایی نزیک بە 3.5 مەتر، پانایی 9.5 مەتر و قووڵایی 8.3 مەترە.
لە تاقی بچووک جوانکاری کەمتر لەچاو تاقی گەورە دەبینرێت لە حاڵێکدا کە کۆنینەناسەکان، گرینگایەتی تاقی بچووک زیاتر دەزانن و بەنرختر دەیخەمڵێنن. چونکوو ئەو بەشە لە ئەو کۆمەڵە مێژووییە، دوو بەردەنووسراو بە خەتی پاڵەویی تێدایە. لە کۆتایی تاقەکەشدا وێنەی بەرجەستەی دوو کەس کە دەوترێت دوو پادشای سەردەمی ساسانی واتا شاپووری دووهەم و شاپووری سێهەمە، دەبینرێت و ئەو بەردەنووسراوانەش چیرۆکی ئەو وێنەگەلە دەڵێنەوە.