بە گوێرەی زانیارییەکان مالیکی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، مالیکی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" ڕایگەیاندووە، وەک چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ بڕیارێکیان نەداوە، محەممەد شیاع سوودانی نەبێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام جارێ کاندیدی ئەو پۆستە یەکلایی نەکراوەتەوە.
لەبارەی هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مالیکی داوای لە کورد و سوننە کرد، پەلە لە یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکانیان بۆ ئەو دوو پۆستە بکەن، چونکە وەک خۆی گوتی، ئامانجیانە لە ماوەیەکی زوودا حکوومەتی نوێی فیدراڵ پێکبهێنن.
ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2025، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند کە خاوەنی 150 کورسین.
لەو کۆبوونەوەیەدا، چوارچێوەیەکە، بە مەبەستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، لیژنەیەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکهێنا، کە لە نووری مالیکی، هادی عامری و فالح فەیاز پێکهاتووە. هاوکات بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دیکەشی دا، بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران.