سەید عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ڕایگەیاندووە: ئێمە لەگەڵ ڕێککەوتنداین، بەڵام ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ. کێشەکە لەوەدایە کە کاتێک ئەمریکییەکان، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا، باس لە ڕێککەوتنێک دەکەن، لە ڕاستیدا دەیانەوێت داواکارییەکانی خۆیان بسەپێنن، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە ئەزموونمان کردووە.
لەم چاوپێکەوتنەدا کە لە ڕێگەی کەناڵی تێلێگرامی وەزیری دەرەوە بڵاوکراوەتەوە، عێراقچی ڕایگەیاندووە: تەنیا دوو مانگ لەمەوبەر لە نیویۆرک هەمان شت بوو. ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان، بەڵام نەک سەپاندنی ئەوەی کە ئەوان بیانەوێت. ئێمە ئامادەین بچینە ڕێکەوتنێک، بەڵام ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ نەک ڕێککەوتنێکی تاکلایەنە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە تا چەند ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی داهاتووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کراوە وتی: ئێمە تەنانەت زیاتر لە شەڕی پێشوو ئامادەین.
وەزیری دەرەوە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەزانن، مووشەکەکانمان لە ڕووی چەندایەتی و کوالێتییەوە لە دۆخێکی باشتردان. لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا وانەیەکی زۆر فێربووین. لاوازی و خاڵە بەهێزەکانی خۆمان ناسی، هەروەها خاڵە لاوازەکانی ئیسرائیلییەکانمان ناسی؛ کارمان لەسەر هەموو ئەم شتانە کردووە و بە تەواوی ئامادەین. تەنانەت زیاتر لە جاری ڕابردوو.
بەرپرسی دەزگای دیپلۆماسی ڕوونی کردەوە: ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە شەڕمان دەوێت، وەک دەزانن باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ ئەوەیە کە ئامادەکاری بۆی بکەین.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە: ڕووسەکان لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا زۆر یارمەتیدەرمان بوون. و دوای ئەوەش، هاوکاری زیاترمان بەراورد بە پێشوو هەبووە. هەر بۆیە دەڵێم ئێمە ئامادەکاری زیاترمان کردووە لە شەڕی پێشوو.