بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هاوردەی نەوتی چین لە مانگی ڕابردووی زایینی لە ئاستێکی زۆر بەرزدا ماوەتەوە و کڕینی نەوت لە هەندێک وڵات گەیشتووەتە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ.
بۆ نمونە هاوردەکردنی نەوت لە ئیماراتەوە لە ساڵی ڕابردووەوە لە 2.05 ملیۆن تەنەوە بۆ 3.82 ملیۆن تەن لە مانگی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە. هەروەها کڕینی نەوت لە کوێت بۆ ٢.٣٦ تەن زیادی کردووە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو ٩٧٠ هەزار تەن بووە.
بەڵام هاوردەی نەوتی خاوی لە ڕووسیاوە لە ئۆکتۆبەردا ٩.١١ ملیۆن تەن بووە، کە لە ساڵی ڕابردوودا ٩.٨٣ ملیۆن تەن بووە، کە کەمی کردووە. یەک تەن نەوتی خاو نزیکەی ٧.٣٣ بەرمیلە و ڕووسیاش وەک گەورەترین دابینکەری نەوتی خاو لە چین دەمێنێتەوە. دوای ئەویش سعودیە دێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا ٧.٠٢ ملیۆن تەن نەوتی بۆ چین هەناردە کردووە. عێراق لە پلەی سێیەمدایە، کۆی هەناردەکردنی بۆ چین گەیشتووەتە ٥.٠٥ ملیۆن تەن.
هاوردەی نەوتی چین لە بەرازیلیشەوە زیادی کردووە، لە ٢.٩٣ ملیۆن تەنەوە بۆ ٣.٥٧ ملیۆن تەن گەیشتووە. هاوردەکردن لە ئەندەنوسیا کە ساڵی ڕابردوو سفر بوو، ئێستا گەیشتووە بە١.٥٤ ملیۆن. هاوکات هاوردەکردن لە مالیزیا لە مانگی ڕابردوودا بۆ 4.8 ملیۆن تەن دابەزیوە، لەکاتێکدا ساڵێک پێشتر هاوردەکردن لە مالیزیا 7.5 ملیۆن تەن بووە.
لە لایەکی دیکەوە، داتا فەرمییەکان نیشان دەدەن کە هاوردەکردن لە ئێران، ڤەنزوێلا و ئەمریکاوە سفرە. لە کاتێکدا پێویستە ئامارەکانی ئێران و ڤەنزوێلا بە وریاییەوە لێکبدرێتەوە، بەڵام ڕاگرتنی هاوردەکردنی نەوت لە ئەمریکاوە ئێستا گەیشتووەتە ٥ مانگ.
جگە لەوەش چین مانگی ڕابردوو کۆکردنی نەوتی خاوی زیاد کرد چونکە جیاوازی نێوان خواست لەسەر پاڵاوگەییەکان و هاوردەکردن بۆ نزیکەی 690 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا گەیشتووە.
ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا تێکڕای بەرهەمی پاڵاوگەکان ١٤.٩٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، لەکاتێکدا هاوردەکردن لە ڕۆژێکدا گەیشتووەتە ١١.٣٩ ملیۆن بەرمیل. بەرهەمی پاڵاوگەکان لە چاو ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی 6.4% بەرزبووەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستێکی بەهێزە لەسەر نەوت.