«محەممەد بن سەلمان» شازادەی جێنشینی سعوودیە ڕۆژی سێشەممە 18ی ئەم مانگە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٨ەوە سەرۆکایەتی شاندێک دەکات بۆ واشنتۆن کە شێوازی میوانداریکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ئەو بە ئامادە کردنی میواندارییەکی فەرمی بە جلی شەو لە ژووری ڕۆژهەڵاتی کۆشکی سپی، لەلایەن شارەزایانەوە وەک هێمایەک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەیەکی بەئاشکرا پەیوەندی لەگەڵ ئەو پیاوەی کە کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمریکا تۆمەتباری کردووە بە فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچی، ستوونی نوسی واشنتۆن پۆست.

دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریکا، سەردانەکەی محەمەد بن سەلمان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی پلانە نوێیەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم دوو گەشتە بە تەواوکەری یەکتر دادەنرێت و لە لایەکی ترەوە، بە هۆی پلان و تەماحی لایەنی سعوودی و ئەمریکی، ئەم سەردانە داخوازی و چاوەڕوانی یەکتری لەگەڵدا دەبێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ڕۆژئاوا، لە سەردانەکەی محەمەد بن سەلمان، زنجیرەیەک بابەتی ئەمنی، ئابووری و جیۆپۆلەتیکی تاوتوێ دەکرێن. لەم ڕووەوە ڕیاز هەوڵ دەدات ئاسایشی خۆی بەهێزتر بکات، هاوکات واشنتۆن دەیەوێت سعودیە خۆی لە چین دوور بخاتەوە و بچێتە نێو ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە، پلانێک کە پێشتر چەند وڵاتێکی عەرەبی لەوانە بەحرەین و ئیمارات لە بەشی یەکەمدا پەیوەست بوون و پەرەیان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل داوە.

سەردانی پێشووی ترەمپ بۆ سعوودیە 

ترامپ بە باشی دەزانێت بەبێ ئەوەی سعودیە بچێتە پاڵ ئەم پلانە، ناتوانێت وڵاتانی تری عەرەبی-ئیسلامی ناچاربکات هەنگاوی جددی بگرنەبەر، لەکاتێکدا لەگەڵ هاتنە ناوەوەی سعوودیە، ڕەنگە ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی ناوچەکە، لەوانەش وڵاتانی موسڵمانی دەرەوەی جیهانی عەرەبی، بەشداری ئەم پلانە بکەن. بۆیە هەوڵدەدات لەم سەردانەدا وەڵامێکی ئەرێنی لە محەمەد بن سەلمان وەربگرێت و بە ئاشکرا بیخاتەڕوو. هەرچەندە ئەمە بۆ کۆشکی سپی دەبێتە قازانجێکی گەورە، بەڵام پێناچێت دوای شەڕی نێوان حەماس و ڕژێمی زایۆنیستی، ڕیاز مل بە داخوازییەکی لەو شێوەیە بدات.

پێدەچێت ڕیاز بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، بەتایبەتی هەوڵدان بۆ داننان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی، نیازی خۆبەدەستەوەدانی نییە. ئەمەش مەرجی پێشوەختەی سعوودیە بووە بۆ هەرچەشنە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەبیب و دەسەڵاتداری سعوودیە بەدوای گەرەنتی ئەمنی بەهێزتر لە ئەمریکا دەگەڕێت.

لە لایەکی دیکەوە محەمەد بن سەلمان زۆر باش دەزانێت کە پلانی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا پێگەی فەلەستینییەکان ڕوون نەبێتەوە سەرکەوتوو نابێت و ئەم پلانە نەیارێکی زۆری دەبێت لە نێو خەڵکی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا.

هەروەها بەڵگەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە سعوودیە کە بەم دواییە پەیمانێکی بەرگری لەگەڵ پاکستان واژۆ کردووە، داوای ڕێککەوتنێکی هاوشێوە یان ڕێککەوتنێکی بەرگریی بە شێوەی ناتۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکات و ڕیاز جگە لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی پێشکەوتوو، بەدوای کڕینی فڕۆکەی جەنگی ئێف-٣٥دایە، کە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لەبەردەستی ئیسرائیلدایە. هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ ڕەزامەندی لەسەر ئەم داواکارییە دەربڕیوە، بەڵام ئیسرائیل دژایەتی دەکات. ئەمەش لێکەوتەی بەرچاویشی دەبێت بۆ فرۆشتنی چەک لەلایەن واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛یەکێکیان ئەوەیە کە دۆستانی تری ئەمەریکا وەک تورکیا و قەتەر و ئیمارات ڕەنگە داوایەکی لەو شێوەیەیان هەبێت و دوای ڕازیبوون بە ڕادەستکردنی بە سعوودیە، وەڵامدانەوەی نەرێنی بە ئەوان، کێشە بۆ ئەمەریکا دروست دەبێت، بەتایبەتی کە ئەردۆغان لەم سەردانی ئەم دواییەیدا بۆ ئەمریکا و گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ بەدوای ئەم بابەتەدا ڕۆیشت.

دووەم: ڕادەست کردنی فڕۆکەیەکی وەها زۆر پێشکەوتوو کە پێویستی بە چوونە ناو خاکی دوژمن نییە لە پێدادانەکاندا، دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی پێشبڕکێی چەکداری لە ناوچەکەدا کە ڕەنگە گرژیەکان زیاتر بکات و بۆ دروستکردنی هاوسەنگی، ڕەنگە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەوڵی دابینکردنی جۆرە پێشکەوتووترەکانی مووشەک بدات.

 فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو "F-35"

شارەزایان دەڵێن، داواکارییەکی دیکەی بن سەلمان کە لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ واشنتۆن دەیکات، پاڵنەرە بۆ دەستڕاگەیشتن بەو چیپانەی کە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو تەیارکراون. سعوودیە لە چوارچێوەی دیدگای 2030ی خۆیدا بەدوای وەبەرهێنانی بەرچاو لە بواری زیرەکی دەستکرددا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئابووری وڵاتەکەی لە دەرەوەی نەوت هەمەچەشن بکات.

لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا ڕووبەڕووی تەحەدای دۆزینەوەی ستراتیژییەک دەبێتەوە کە ناوەندە تەکنەلۆژییە سەرهەڵداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیکۆسیستەمی تەکنەلۆژیای گشتی و هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای چیپی پێشکەوتوودا تێکەڵ بکات، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە هەناردەکردنیان سنووردار بووە بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هاوکارییە تەکنەلۆژییەکانی ڕیاز لەگەڵ چین. لەم پێوەندییەدا، جگە لە ڕێککەوتنی بەرگری، شازادەی جێنشینی سعوودیە، داوای ڕێککەوتن و "گەرەنتی بەهێز" لە ئەمریکاش دەکات سەبارەت بە زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆجیا.

ئامانجێکی دیکەی سعوودیە لەم سەردانەدا، دانوستانە بۆ ڕێککەوتنێک سەبارەت بە وزەی ئەتۆمی ناسەربازی و پیتاندنی یۆرانیۆم.

شارەزایان دەڵێن، ڕەنگە سەرنجڕاکێشی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک وێستینگهاوس و بێچتێل کە ڕیاکتۆری ئەتۆمی و ژێرخانی پاڵپشتیکردنیان دروست دەکەن و سوودمەندبوون لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ سعودیە، ڕەنگە بەس بێت بۆ تێپەڕاندنی پەراوێزخستنی ئیسرائیل. لە لایەکەوە سعوودییەکان دەزانن کە دەتوانن بە پیتاندن پارەی زیاتر پەیدا بکەن و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ ئەوان بابەتی شانازی نەتەوەییە.

لە تێڕوانینێکی ڕاست بینانەدا دەبێت بڵێین محەمەد بن سەلمان لەم گەشتەدا سەرکەوتوو نابێت لە بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریکا بۆ پیتاندن. هەرچەندە شارەزایان دەڵێن، سعودیە هەوڵیداوە یارمەتی پاکستان و چین لە دروستکردنی ڕیاکتۆر و ئەنجامدانی پیتاندن سوود وەربگرێت، بەڵام هەر چالاکیەک لەم بوارەدا پێویستی بە ڕەزامەندی ئەمریکا هەیە، کە تا ئێستا دابین نەکراوە. هەروەها سعوودیە بەنیازی ئەوە بوو گرێبەستێک لەگەڵ ڕووسەکان بۆ دروستکردنی ڕیاکتۆر واژۆ بکات، بەڵام تا ئێستا ئەم دانوستانانە نەگەیشتووەتە ئەنجام.

کەواتە لە ئێستادا، هیچ چانسێک نییە بۆ ئەوەی سعودیە بتوانێت پیتاندنی ناوخۆیی بەکردەیی بکات، بەڵام ڕەنگە چەترێکی ئەتۆمی پشتیوانی ئەمریکای بوێت، کە ڕەنگە جێگیرکردنی سیستەمی چەکی ئەتۆمی ئەمریکا لەسەر خاکی سعودیە لەخۆبگرێت.

ڕاستیەکە ئەوەیە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دەگۆڕێت و لە ساڵانی داهاتوودا ئاڵۆزتر دەبێت.

لەنێو گرێبەستەکانی دیکەی سعوودیە لەم گەشتەدا ئەوەیە کە کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە نزیکە لە کۆتاییهێنان بە دوو گرێبەستی دابینکردنی LNG لەگەڵ کۆمپانیای وودساید ئینێرجی و کۆمۆنوێڵس ئێڵ ئێن جی. ئەم کۆمپانیا سعودییە هەوڵدەدات ببێتە یاریزانێکی جددی لە بازاڕی جیهانیLNG ؛بەتایبەتی لە ئەمریکا، کە بڕیارە توانای بەرهەمهێنانی LNG لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا نزیکەی دوو هێندە زیاد بکات.

هەروەها لە بواری وەبەرهێناندا، وەبەرهێنانی سعوودیە لە ئەمریکا بەرچاوە، بەڵام ئاستی وردی دیاریکردنی ئەستەمە چونکە وەبەرهێنان بەتایبەتی لە پشکەکاندا لەلایەن هەردوو دامەزراوەی گشتی و تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ وەبەرهێنانی سعوودی لە ئەمریکا بە ٣٥٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام لە خەمڵاندنەکانی دیکەدا کۆی گشتی وەبەرهێنانی سعوودیە لە ئەمریکا بە ٤٩٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووە.

ئەگەر هەموو وەبەرهێنانە پێشبینیکراوەکان وەگەڕ بخرێن ئەگەری زۆرە کۆی قەبارەی وەبەرهێنانی دوولایەنە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات و لە یەک تریلیۆن دۆلار تێدەپەڕێت.

پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ نایەوێت پڕۆژە گەورەکانی ناو سعودیە بدرێتە کۆمپانیاکانی وڵاتانی ڕکابەری ئەمریکا و دەیەوێت کاریگەریی ئابووری و بازرگانی زیاتری لە سعوودیە هەبێت.

هاوکات بە وتەی شارەزایان، لیستی کڕینی ئاڵۆزی محەمەد بن سەلمان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو لە بوارێکی دیاریکراودا بەدوای هاوکاریدا ناگەڕێت، بەڵکو هەوڵدەدات هاوکارییەکانی ئەمریکا و سعودیە لە درێژخایەندا بەهێز بکات.

بۆیە ئەگەر ئەم دوو وڵاتە هاوپەیمانە بتوانن لە دانوستاندا بە داخوازیەکانیان بگەن، پێویستە شایەتحاڵی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە بین.