نوسینگهی سهرۆك وهزیرانی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی ئهمڕۆ دوشهممه پێشوازی کردوه لەئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لەعێراق و باسیان لەپەیوەندییە دوقۆڵییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان لەبوارە جیاجیاکاندا کردوه، بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەو سود گەیاندنی هاوبەش بۆ هەردوو وڵات و گەلی دراوسێ.
سودانی ئاماژهی بهوهكردوه، پەیوەندییە دوقۆڵییەکان گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەردەوام بەخۆوە دەبینن، ئەوەش بەهۆی پابەندبون و بەرژەوەندی هاوبەش لەبەردەوامی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوەیە، لەسەر بنەمای یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنە هاوبەشەکان کە کۆیان دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بەچارەسەرکردن و ڕێکخستنی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی بەردانی ئاوەوە هەیە کە واژۆکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری ئاوی نێوان هەردوو وڵاتی بەخۆوەبینی.
لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، باڵیۆزی تورکیا لهكۆبونهوهكهدا سوپاسی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی بۆ گرنگیدان بەپەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و جەختی لەپەرۆشی تورکیا کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ عێراق لەهەموو بوارەکاندا.