کوێت داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی بۆ دانانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل لە ژێر سیستەمی پاراستنی گشتگیری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا جێبەجێ بکات.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کوێت، تەلال ئەلفەسام، نوێنەری هەمیشەیی کوێت لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەننا، لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی بڕیاردان بە ناونیشانی دواین کارەکان سەبارەت بە توانا ئەتۆمییەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە کە هەمووان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پابەندن بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی پارێزبەندییە گشتگیرەکان، جگە لە ئیسرائیل کە تا ئێستا چاودێری نێودەوڵەتی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕەتکردووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل دژایەتی هەر کردەوەیەک یان هەنگاوێکی جددی دەکات بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی دوور لە چەکی ئەتۆمی و کوشتاری بەکۆمەڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەلفەسام جەختی لەسەر پێویستی هێشتنەوەی پرسی توانا ئەتۆمییەکانی ڕژێمی داگیرکەر لە کارنامەی ئاژانس و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیدا کردەوە تا ئەو کاتەی بڕیارێکی جددی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەدرێت.
جەختیشی کردەوە، ئەم بابەتە بناغەی ناوچەیەکی دوور لە چەکی ئەتۆمی و کوشتاری بە کۆمەڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.
ڕژێمی زایۆنی تاکە لایەنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نەچووەتە نێو پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی.