بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەردانەکە کە تورکیا، عێراق و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، جەخت لە پابەندبوونی ئەمریکا دەکاتەوە بە برەودان بە سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
سەردانەکەی ریگاس لە رۆژی 27ـی تشرینی دووەم دەست پێدەکات و تاوەکو 5ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەخایەنێت و بەرپرسەکە دەچێتە ئیستەنبووڵ، بەغدا، هەولێر و دواتریش دەچێتە ئیسرائیل.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جێگرەکەی مارکۆ روبیۆ لە عێراق چەندین دیداری گرنگی دەبێت، بەڵام خاڵی هەرە دیاری سەردانەکەی بۆ عێراق، کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکایە لە هەولێر.
هەروەها هاتووە کە ریگاس لە عێراق "لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی کۆدەبێتەوە و سەردانی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا دەکات."
پێش سەردانەکەی بۆ عێراق، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
لە دوایین وێستگەی گەشتەکەیدا، ریگاس سەردانی ئیسرائیل دەکات بە مەبەستی "دووپاتکردنەوەی پەیوەندییە پۆڵایینەکەی نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان" و بەهێزکردنی دامەزراوە دیپلۆماسییەکان.