دوای تیرۆرکردنی هەیسەم عەلی تەبتەبایی، فەرماندەی باڵی سەربازیی حیزبوڵڵا، هەموو چاوەکان لەسەر حیزبوڵڵایە بۆ ئەوەی بزانن چۆن وەڵامی ئەو کارەی ئیسرائیل دەداتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی هەواڵی ئیسرائیل باسی لە ئەگەری وەڵامدانەوەی بەم تیرۆرە لە دەرەوەی لوبنانەوە کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەلمیسر ئەلیەوم، ماڵپەڕی عیبری واللا نووسیویەتی، نیگەرانییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە وەڵامدانەوەی تیرۆرکردنی سەرۆک ئەرکانی حیزبوڵڵا تەنیا بە بەرەی باکوورەوە سنووردار نییە، بەڵکوو پێدەچێت ئەنساروڵڵای یەمەنیش کاردانەوەی هەبێت.

 زیادیشی کرد: سوپای ئیسرائیل ئەگەری وەڵامدانەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ ئەم تیرۆرە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ڕەت ناکاتەوە. نیگەرانییەکانی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن لوبنان و یەمەنەوە وایکردووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل ئاستی هۆشداریی خۆیان بەدرێژایی سنوورەکانی ئیسرائیل بەرزبکەنەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە سەردانی فەرماندەیی باکووری سوپای ئیسرائیلی کرد لەسەر سنووری لوبنان بۆ دڵنیابوون لە ئاستی ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر وەڵامدانەوەیەکی حیزبوڵڵا.

ئەلتەبتەبایی و ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە زاحیەی باشووری بەیروت شەهید بوون.