بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، "مەنووچێهر حەبیبی" پارێزگاری کرماشان لە کۆبوونەوەی چالاکانی ئابووری لە پارێزگای کرماشان لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی ئابووریی پیشەسازی و کانگاکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و جێگرانی وەزارەتی پیشەسازی، کانگا و بازرگانی ڕایگەیاند: ئەمە سێیەمین کۆمیسیۆنە کە ئەمساڵ لە کرماشاندا لە لایەن مەجلیسەوە بەڕێوە دەچێت و هیوادارین دەرئەنجامەکەی ببێتە سەرچاوەی خێر و نیعمەت بۆ پارێزگایەک کە، دەروازەی بازرگانی و زیارەتکردنە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پێکهاتەی دانیشتوانی پارێزگاکە وتی: لەسەدا ٦٥ی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە شێعەن، لەسەدا ٢٥ی سوننەن، لەسەدا ١٠ی ئەهلی هەقن. کرماشان پەلکەزێڕینەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
حەبیبی هەروەها ئاماژەی بە ڕێژەی ڕەخساندنی هەلی کار لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو پارێزگایەدا کرد و وتی: لەسەدا ٥٠ی ڕەخساندنی هەلی کار لە کرماشاندا لە کەرتی خزمەتگوزارییە، لەسەدا ٢٥ی لە بواری پیشەسازی و لەسەدا ٢٥ی دیکەشی لە بواری کشتوکاڵدایە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا: ڕێژەی بێکاریی پارێزگای کرماشان لە ساڵی ڕابردوودا لە حکوومەتی ١٤دا گەیشتووەتە یەک ڕەقەمی و ئەمەش نیشانەی تێڕوانینی تایبەتی حکوومەتە بۆ ئەم پارێزگایە.
پارێزگاری کرماشان گوتیشی: کرماشان بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە شەڕ، ئاوەدانکردنەوەی دوای شەڕ، بوومەلەرزە، شەڕ لەگەڵ داعش و هتد، لە ساڵانی دوای شۆڕشدا نەیتوانی گەشە بکات و لە زۆرێک لە پارێزگاکانی دراوسێی کەوتە دواوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە کرماشان پێویستی بە تێڕوانینێکی تایبەتترە لە لایەن سیستەم و حکومەتەوە، زیادی کرد: ئەم پارێزگایە خاڵی پەیوەندی پیشەسازی و بازرگانییە لەگەڵ جیهان و بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا.
پارێزگاری کرماشان ڕایشیگەیاند: بوونی ٣٧١ کیلۆمەتر سنوور، ٥ بازاڕی فەرمی، شوێنی هەناردەکردن، ناوچەی ئازاد و هتد لە پشکەکانی پارێزگای کرماشانە کە دەتوانێت لە بواری بازرگانی و پیشەسازیدا ڕۆڵی هەبێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە نزیکەی لەسەدا ٤٠ی هەناردەکردنی وڵات بۆ عێراق لە ڕێگەی پارێزگای کرماشانەوە ئەنجام دەدرێت، وتی: ئەگەر سنوورەکانی کرماشان ڕێکبخرێن؛ زیاتر لە ٧٠٪ی هەناردەکردنی وڵات لەوێدا ئەنجام دەدرێت. ٢٥ شارۆچکەی پیشەسازی، ٣ وێستگەی پترۆکیمیایی، پیشەسازی گەورە، چالاکیی پیشەسازی ئۆتۆمبێل، بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و کاشی، کارگەی دەرمانسازی و هتد، دەتوانن کرماشان بخەنە ڕیزی پارێزگا پیشەییەکان، ئەگەر لەگەڵ گرنگیدانی تایبەتی حکومەت و پشتیوانی کەرتی تایبەتدا بێت.
بە پێی گوتەی حەبیبی، ٨٠٠ یەکەی پیشەسازی لەو پارێزگایەدا کاردەکەن. هەروەها کرماشان دەوڵەمەندە بە کانگاکان و لەسەدا ٧٠ی قیری سروشتی وڵات لە ناوچەی گیلانی ڕۆژئاوادایە کە پێویستی بە پرۆسێسکردن هەیە و بەهای زیادکراوی بەرزی بۆ وڵات دەبێت.
مەنووچێهر حەبیبی وتیشی: بەرهەمی کارەبای کرماشان دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، لەو ژمارەیەش ١ هەزار مێگاوات بەکاردەهێنرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە دەخرێتە ناو بازنەی کارەبای وڵاتەوە.
پارێزگاری کرماشان بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیدانی تایبەت بە پیشەسازیی ئەو پارێزگایە، زیادی کرد: ئەم گرنگیدانە دەتوانێت کرماشان بخاتە سەر ڕێگای گەشەسەندن. ژێرخانی سنوورەکان، پێویستی بە پشتیوانی ڕێگاوبان و ئیدارەی گومرگ هەیە بۆ ئەوەی سنووری ڕێکخستن و هەناردەکردن زیاد بکرێت.
پارێزگاری کرماشان هەروەها جەختی لە خێراتر دروستکردنی ژێرخانی ناوچەی ئازاد کردەوە و وتی: دابینکردنی ژێرخان لە ناوچەی ئازادی قەسر شیریندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ عێراق.
بە بڕوای حەبیبی بۆ پەرەپێدانی پارێزگا کەمدەرامەتەکان وەک کرماشان، کوردستان، ئیلام، خوراسانی باکوور و هتد، پێویستە گەشەپێدان لە فەلاتی ناوەندی ئێرانەوە وەربگیردرێت، چونکە سەرمایەداران ئارەزووی وەبەرهێنانیان زۆرتر لە پارێزگا پێشکەوتووەکاندا هەیە و سیاسەتی حکوومەتیش دەبێ سنووردارکردنی وەبەرهێنان بێت لە ناوچە پڕداهات و ئاوەدانەکاندا.