ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی هەفتانەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ڕوونی کردەوە: سەردانی جێگری وەزیری دەرەوەی سعودیە بۆ ئێران درێژەی پڕۆسەیەک بوو کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بە باشتربوونی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز دەستی پێکرد. لەم ماوەیەدا پەیوەندی و ڕاوێژکارییەکان لە ئاستە جیاجیاکاندا بەردەوام بووە، هەروەها ئەم سەردانەش لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت".
بەقایی زیادی کرد: لەو کۆبوونەوانەدا کە ئەنجام دراون، جگە لە پێداچوونەوە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرسە گرنگەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران، لەوانەش پێشهاتەکانی فەلەستینی داگیرکراو، لوبنان و سووریا.
ناوبراو ڕایگەیاند: هەردوو وڵات جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە دەکەنەوە بە ئامانجی بەهێزکردنی متمانە و فراوانکردنی تێگەیشتنی ناوچەیی و پێشخستنی سەقامگیری و ئاسایش لە ڕۆژئاوای ئاسیادا.