یازدەهەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای "بیت و حەیران" لە شاری سەردەشت ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ دەستیپێکرد و پارێزگاری شارەکە ڕایگەیاند کە فێستیڤاڵەکە لە خولەکانی داهاتوودا دەبێتە نێودەوڵەتی و تێدا ڕێز لە پێگەی هونەری "خزر قادری" هونەرمەندی تەمەن ١٠٩ ساڵانی کورد گیرا.
ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم خولە لە فێستیڤاڵەکە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەمە بە ئامادەبوونی ڕێباز میرزایی، پارێزگاری سەردەشت، حەسەن حەسەن زادە، سکێرتێری فێستیڤاڵەکە، ناسح بەهرام بەگی، سکێرتێری جێبەجێکاری فێستیڤاڵەکە، محەمەد ڕەزا سەعیدزادە شارەوانی شاری شەردەشت، عەلی ئەکبەر مورادی، موجتەبا قیتاقی، محەمەد عەلی مەراتی، حەیدەر کاکی، مونیرە پووری ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە و هەروەها بە ئامادەبوونی چەندین هونەرمەند و بەرپرس و ئارەزومەندی بەیت و حەیران لە هۆڵی ٧ی پووشپەڕ لە شاری سەردەشت بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی شاری سەردەشت وەک یەکێک لە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمی کردنەوەی فستیڤاڵەکە ڕایگەیاند: لە سەرەتاوە ئامانجی فێستیڤاڵی مۆسیقای "بەیت و حەیران" بەس زیندوو ڕاگرتنی میراتی بەنرخی بەیت و حیران بوو، بەڵام لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا بوو بە کۆبوونەوەی هونەرمەندانی مۆسیقای ناوچەیی لە سەرانسەری وڵات لە شاری سەردەشتدا، و خوڵی یازدەهەم پەیامی هاوسۆزی و هاودەنگی گەلی ئێرانە کە هیوادارین یادەوەرییەکی باش بۆ هونەرمەندانی بەشداربوو تۆمار بکات"
شایانی ئاماژەیە لە بەشێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی فستیڤاڵەکەدا، ڕێز لە مامۆستا خزر قادری، هونەرمەندی تەمەن ١٠٩ ساڵی سەردەشتی کە بە سیمبولی هونەری بەیت و حەیران دادەنرێت، گیرا.
یازدەهەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای بەیت و حەیران لە لایەن ڕێکخراوەی فەرهەنگی و هونەری شارۆ بە سەرپەرشتی حەسەن حەسەن زادە و سکرتێری جێبەجێکار ناسح بەهرام بەیگی لە ١١ تا ٣١ی سەرماوەز لە هۆڵی یادی شەهیدانی کیمیایی ٧ی پووشپەڕی شاری سەردەشت بەڕێوە دەچێت.