محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ عەبدوللەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕەشید، باڵیۆزی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە ڕەشید بەبۆنەی کۆچی دوایی براکەی، دوعای ڕەحمەتی خوای گەورە لەسەر کۆچکردوو و سەبووری بۆ بنەماڵەکەی کردووە.
ڕەشید جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران و بەردەوامیی ڕاوێژ و هەماهەنگی لە بوارەکانی گرنگی هاوبەشدا کردەوە.
لە لایەکی دیکەوە باڵیۆزی ئێران سوپاسی سەرۆک کۆماری عێراقی کرد و جەختی لە خواستی ئێران کرد بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکان بە مەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی دوو وڵاتی دراوسێ.