میدیا عیبری زمانەکان بڵاویان کردەوە کە سیستەمی نوێی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل ڕووبەڕووی تەحەدای زیاتر دەبێتەوە، بەتایبەتی کە مەترسییەکانی هەڕەشە لە ئیسرائیل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن، ئەمەش لە بەرامبەردا تێچووی ڕاگرتنی ئەو مووشەکانە زیاد دەکات.
شارەزایان پێیان وایە سەلمێنراوە کە تەقاندنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەنانەت بە وردی لێیان داوە بە تێچووی زۆر کەم و بە ژمارەیەکی زۆر، لە کاتێکدا سیستەمی ڕێگریکردن زۆر گران و تێچووی زۆر و سنووردار دەمێنێتەوە.
لەم نێوەندەدا ئیسرائیل بەنیازە ئەم بۆشاییە و لاوازییەکەی چارەسەر بکات بە هەڵدانی سیستەمێکی لەیزەر کە دەتوانێت بە نرخێکی زۆر کەمتر مووشەکەکان بپێکێت.
ئەم دەزگا میدیایانە بە پشتبەستن بە دیفێنس پۆست بڵاویانکردەوە کە گەورەترین کێشەی پێکهاتەی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بەردەوامی و دینامیزمی بەرگرییە، چونکە تەنانەت سیستەمەکانی وەک گومبەزی ئاسنین و بەردەقانی داوود و ئارۆ تێچووی زیاتریان دەبێت بۆ ڕێگریکردن لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکان.
بەگوێرەی ئەو میدیایە، تەقاندنی دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئەم شەڕی دواییەدا، فشارێکی گەورەی خستە سەر سیستەمی بەرگری ئیسرائیل. بۆیە شارەزایان هیوادارن سیستەمی لەیزەر بتوانێت جێگەی مووشەکی بەرگری زۆر گرانبەها بگرێتەوە و تێچووی کەم بکاتەوە.
بەڵام بە وتەی شارەزایان، سیستەمی لەیزەرەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکانی مەودای کورت دروستکراوە و مەبەست لێی بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک و گوللە هاوەنەکانە و لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانێت تەنی بێسەرپەرشت بخاتە خوارەوە.
سیستەمەکە بە شێوەیەک دروستکراوە کە لەیزەرەکە لە بەشێکی کەمی چرکەیەکدا لەسەر ئامانجەکە چڕ بکاتەوە و لەکاربخات، بەمەش ئەم مەترسییە پووچەڵ دەکات و بە سەرنجدان بەوەی کە بنکەی سەرەکی کارەکانی پشت بە کارەبا دەبەستێت، دەتوانێت ئیسرائیل بپارێزێت لە مەترسی تەواوبوونی کۆگاکانی مووشەکە ڕێگریکەرەکانی.