گەشتی هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێرانی لە رێگای هەولێرەوە بۆ کیش هەینی بە فڕۆکەیەکی ئێر باسی A340 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کیش نیشتەوە و بەمەش هێڵی ئاسمانیی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و دوورگەی کیش کرایەوە و کارا کرا.
ئەم هێڵی ئاسمانییە هەموو هەفتەیەک رۆژانی هەینی گەشتەکەی کاتژمێر 11:00 بە کاتی ئێران (11:30 بە کاتی عێراق) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کیش دەنیشێتەوە و کاتژمێر 12:10 بە کاتی ئێران بەرەو هەولێر گەشت دەکات.
عیزەتولڵا محەممەدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای گەشەپێدان و بەڕێوەبردنی بەندەر و فڕۆکەخانەکانی ناوچەی ئازادی کیشی ئێران رایگەیاند: کردنەوە و کاراکردنی ئەم هێڵی فڕینە، هەنگاوێکی گرنگە لە پەرەپێدانی دەستڕاگەیشتنی ئاسمانی، بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی گەشتیاری لە نێوان کیش و هەرێمی کوردستانی عێراق.