لەکاتێکدا بەغدا هەوڵی بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکانی دەدات و ڕێگری لە هەر هەوڵێکی دزەکردنە ناو خاکەکەی دەکات، چەندین ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا هەڕەشە تیرۆریستییەکان بەتەواوی نەسڕاونەتەوە، بەڵکوو لە دەرگاکانی دیکەوە سەریان هەڵداوەتەوە، کە گرنگترینیان کەمپی ئەلهۆڵ و سنوورەکانی تورکیان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا مەترسیدارترین دەروازە بوون بۆ هاتنە ناوەوەی هەزاران میلیشیا بۆ بەرەکانی شەڕ لە سووریا و عێراق.
ئەم ڕاپۆرتانە جارێکی دیکە پرسیاری جددی لەسەر ئاستەنگە ئەمنییەکانی بەردەم عێراق دەوروژێنن، بەتایبەتی کە ناوچەیەکی ئاڵۆز بوونی هەیە کە دەرفەتێک بۆ گروپە توندڕەوەکان دەڕەخسێنێت کە لەژێر ناوی نوێدا دووبارە پێکبهێننەوە.
«عەبدولکەریم خەلەف» شارەزای ئەمنی عێراق لەم پەیوەندییەدا بە ئاژانسی هەواڵی ئەلمەعلومەی ڕاگەیاند: کەمپی ئەلهۆڵ یەکێکە لە ئاستەنگە ئەمنییە جددیەکان لەم بارودۆخەی ئێستادا، زۆرینەی دانیشتوانی ئەم کەمپە بریتین لەە عێراقییانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە لەو ساڵانەی کە سوریای کۆنترۆڵکرد، ئەمەش وایکردووە هەر هەوڵێک بۆ نیشتەجێکردنیان یان گواستنەوەیان بۆ عێراق پڕ بێت لە مەترسیی گەورە.
ئەو پسپۆرە ئەمنییە وتیشی: هێڵی سنووریی عێراق و سووریا زۆر بەهێزتر کراوە، بەڵام سووریا لە نێوان گرووپە چەکدارە جیاوازەکاندا دابەش بووە، ئەمەش دەرفەت دەداتە تیرۆریستان کە هێزەکانیان ڕێکبخەن و گرووپە شاراوەکانیان بۆ عێراق بنێرن.
ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە: دامەزراوە ئەمینییەکانی عێراق بانکی زانیاریی تۆکمەیان لە تیرۆریستانی سووریادا هەیە و هەماهەنگی نێودەوڵەتیش بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەلهۆڵ نەبێتە ناوەندێکی توندوتیژی کە هەڕەشە لە سەر هەموو ناوچەکە بکات.
«کادار بیری» سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی بێ سنوور کە تورکیا بە بەرپرسی سەرەکی لە قاچاخکردنی دەیان هەزار تیرۆریست بۆ ناو سووریا و عێراق دەزانێت، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەلمەعلومە جەختی لەوە کردەوە: بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا، زیاتر لە 40 هەزار تیرۆریست لە خاکی تورکیاوە چوونەتە ناو عێراق و سووریا.
بەیری وتی: ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ناوی ئەو میلیشیایانەی تۆمارکردووە کە بەناو تورکیادا پەڕینەوەتەوە و بەشێکی زۆریان تێکەڵ بە پێکهاتە میلیشیاکانی سەر بە سوپای «نیشتیمانی» سووریا کراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: ئەنقەرە دەستێکی درێژی هەیە لە لەناوبردنی سووریا بە پشتیوانیکردن یان یارمەتیدانی بە پەڕینەوەی گروپە توندڕەوەکان بە ئاراستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی.
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی بێسنوور ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ئەنجومەنە بەردەوام دەبێت لە تۆمارکردنی ناوی ئەو تیرۆریستانەی کە لە سووریا نیشتەجێ بوون و هەروەها پێشبینیش دەکەم لەگەڵ زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان، بەم نزیکانە حکومەتی جۆلانی دادگایی بکرێت.
بە لەبەرچاوگرتنی بوونی کەمپی ئەلهۆڵ کە مەترسی هەستانەوەی داعشی هەیە و هەروەها سنوورەکانی تورکیا کە ساڵانێکە بەڕووی تیرۆریستاندا کراوەن، پێدەچێت ناوچەکە ڕووبەڕووی تۆڕێکی ئاڵۆزی هەموو جۆرە مەترسییەک بێتەوە کە پێویستی بە هاوکاریی ڕاستەقینەی نێودەوڵەتی هەیە، نەک تەنها لێدوانی سیاسی.
لە کاتێکدا کە عێراق کار بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکانی دەکات، گەورەترین تەحەددا هێشتا نەهێشتنی ڕەگ و ڕیشەی گرژییەکانی سووریا و داخستنی پەنجەرەکانی دابین کردنی دارایی و قاچاخچێتیە کە هێشتا ڕێگە بە گروپە تیرۆریستییەکان دەدەن سەرهەڵبدەنەوە و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بخەنە مەترسییەوە.