ئەحمەد شوبەیر، پێشکەشکار و کەسایەتی میدیایی میسری، بە توندی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی فیفا گرت کە یارییەکەی میسر و ئێرانی وەک "یاریی شانازی" دیاریکرد بۆ پشتیوانیکردن لە کۆمەڵگەی هاوڕەگەزبازان.
ناوبراو لە بەرنامەی ڕادیۆیی خۆیدا بەنێوی"لەگەڵ شوبەیر"، ئەو هەنگاوەی بە "هاندانی قبوڵنەکراو" ناوبرد و ڕوونیکردەوە: "هەموو کۆمەڵگایەک داب و نەریتی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بەستنەوەی یاری نێوان دوو تیپ کە تایبەتمەندی کولتووری و ئایینی تایبەتیان هەیە بەو جۆرە ئاهەنگانە لۆژیکی نییە. چالاکییەکانتان لە یارییەکان دوور بخەنەوە."
ناوبراو بە تۆنێکی توند درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ڕێز لە نەریتی خەڵک بگرن، ئێمە کۆمەڵگەیەکی ئاینیین و ئەو جۆرە بابەتانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێن، پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێ وەڵامێکی ڕوون و بێ دوو دڵی بداتەوە.
"دەیان یاری تر هەیە، بۆچی دەبێ دەست بخەیتە سەر یاری نێوان دوو تیپی ئیسلامی؟" شوبەیر پرسیاری کرد و ڕەخنەی لە هەڵبژاردنی یارییەکەی نێوان دوو وڵاتی موسڵمان گرت.
هەروەها جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفای کردە ئامانج و وتی: "تۆ دەچیتە ئەمریکا و مێشکت دەشۆن. ئەمە چ قسەیەکی بێمانایە؟ بەڕاستی تۆ بێزارکەریت، بیر لە کاروباری خۆت بکەرەوە و ئێمەش بیر لە کارەکانی خۆمان دەکەینەوە، ئێوە یاسای خۆتان هەیە کە ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ژنانی بە حیجاب دەدات بۆ هەندێک شوێن و ئێمەش یاسای خۆمان هەیە، ئەوەندە بێ شەرم و بێباک مەبە".
ناوبراو جەختیشی کردەوە، سەرەڕای پێگەیشتنی هەر هۆشدارێکی فەرمی، میسر هەڵوێستێکی ڕوونی لەبارەی ئەو پرسە دەبێت و دەشڵێت: "ئەگەر نووسراوێکی فەرمی بگات، وەڵامێکی ڕوون دەدەینەوە".
شۆبیر هەروەها ئاماژەی بە ئەو هەواڵانە کرد کە ئێران ناڕەزایەتی لەم هەنگاوە دەربڕیوە و بەیاننامەیەکی توندی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە و هەنگاوەکەی فیفای بە "هەنگاوێکی ناشیرین" وەسف کردووە.