لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم کە نێوی "کەسی ساڵ لە بواری ڕابواردندا"ی لەسەر داناوە، گومانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی هۆلیڤوود لە لایەن ژیری دەستکردەوە.

دیکاپریۆ سەبارەت بە AI وتی: ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ سینەماکارێکی گەنج بۆ ئەوەی شتێک دروست بکات کە پێشتر نەمانبینیوە. بەڵام هەر شتێک کە بەڕاستی هونەر بێت دەبێت لە مرۆڤەوە سەرچاوە بگرێت. تەنانەت کارە درەوشاوەکانی AI دوای 15 خولەک ناوبانگ کاڵ دەبنەوە و دەخرێنە نێو زبڵدان. هیچ ڕەگ و ڕیشەیەکی نییە، هیچ پەیوەندییەکی نییە، هیچ مرۆڤایەتییەکی تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر درەوشاوەش بێت. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زۆرێک لە سینەماکارانی هۆلیڤوود هەڵوێستێکی بەهێزیان لە دژی AI گرتەبەر. گیلەرمۆ دێل تۆرۆ، لە ئاهەنگی خەڵاتەکانی گۆتامدا بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان بە وتنی "Fuck AI". پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە پێی باشترە بمرێت تا ئەوەی کە پێویست بکات لە فیلمەکانیدا AI بەکاربهێنێت.

جەیمس کامیرۆن مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی AI لە فیلمەکانیدا قەدەغە دەکات، ئەو دەڵێت؛ ئێمە ڕێز لە ئەکتەرەکان دەگرین و جێگرەوەیان بۆ دانانین.

بەڵام تامسۆن ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئۆسکار سەبارەت بەم بابەتە کاردانەوەیەکی توندی پیشان دا، ئەو کە سیناریۆکانی بە دەست دەنووسێت، دەڵێت زۆر تووڕەیە لەوەی کە بەرنامەی ڤۆرد بەردەوام پێشنیاری دووبارە نووسینەوەی کردووە، دەشڵێت؛ پێویستم بەوە نییە شتێکم بۆ بنووسیتەوە کە تازە نووسیومە!