بەرپرسی شاری فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تارانی پایتەختی ئێران سەفەری بۆ عومان کرد و لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی عومان کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی دەنگ و ڕەنگی ئێران، سەرنجی کۆبوونەوەکە لەسەر فراوانکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری، هەنگاونان بەرەو هاوکاری نوێی فڕۆکەوانیی نێوان دوو وڵات بووە.

ڕامین کاشف ئازەر، بەرپرسی شاری فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی ئێران، ئاماژەی بە توانای فڕۆکەخانەکە کرد بۆ بوون بە ناوەندێکی ناوچەیی و ڕایگەیاند کە ئێران ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی ڕێگاکانی فڕین و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەگەڵ عومان.

هەروەها نایف بن عەلی ئەلعەبری زیادبوونی پەیوەندییە ئاسمانییەکان بە دەرفەتێک بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری و ئابووریی دوو وڵاتی زانی.

لە کۆتاییدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی گروپی کاری هاوبەش و بەردەوامبوون لە پلاندانانی درێژخایەن.