جام کوردی - ساڵێک دوای هاتنە سەرکاری سەرۆکی هیئەی تەحریر شام، کەلێنێکی ڕوون لە نێوان وتاری دەرەکی و ناوخۆی پێکهاتەی ڕاگوزەری سووریادا هەیە؛ بۆشایییەک کە لە غیابی هەر چەشنە ڕێبازێکی ئاشتەوایی بەکۆمەڵدا، چڕی جەمسەرگیری تائیفی زیاتر کردووە و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی تووندتر کردووە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی پاساودانی فەرمی بۆ ڕووداوە خوێناویەکان، ڕێبازی داهاتووی وڵاتەکەی زیاتر ناڕوون کردووە.
هاوکات لەگەڵ ئاهەنگگێڕانی ئەملاولای لایەنگرانی هەیئەی تەحریر شام لە سووریا بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ڕۆژنامەی ئەلئەخباری لوبنانی لە یاداشتێکدا سەبارەت بەم بابەتە نووسیویەتی: دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هاتنی دەسەڵاتی "ئەحمەد شەرع" سەرکردەی هەیئەی تەحریر شام کە بە "ئەبو محەمەد جۆلانی" ناسراوە، جۆرێک لە دووفاقی لە لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی ڕاگوزەردا دەبینرێت؛ دووفاقییەک لە نێوان ئەوەی بە جیهانی دەرەوە دەگوترێ و ئەوەی پەیوەندی بە پرسە ناوخۆییەکانەوە هەیە، ئەمەش لە دۆخێکدایە کە هیچ وتارێکی بەکۆمەڵی ئاشتیخوازانە بوونی نییە کە بتوانێت پرۆسەی یەکخستنی بەشە پەرشوبڵاوەکانی وڵات خێراتر بکات، هەروەها گرژییە تائیفیەکان و پاساودانی بەردەوامی ڕووداوە خوێناویەکان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات بەردەوامە.
جۆلانی کە خۆی بە سەرۆک کۆماری کاتی سووریا ناو دەبات، لە ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و ئامادەبوونی لە «کۆڕبەندی دەوحە» جەختی لە بەردەوامیی سیاسەتەکانی لە ناوخۆدا کردەوە و ڕایگەیاند کە بە پێی ڕاگەیاندنی دەستوور، کە ماوەی ڕاگوزەری بە پێنج ساڵ دیاری کردووە، دەسەڵاتەکەی بۆ چوار ساڵی دیکە دەمێنێتەوە.
ناوبراو لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا، ڕژێمی زایۆنی بە “تیرۆریست” وەسف کرد و ئەمەش وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆیە بۆ لێدوانەکانی پێشووی کاربەدەستانی ئیسرائیل کە ئاماژەیان بە ڕابردووی ناوبراو کردبوو و گومانیان لە متمانەپێکراویی بە ناوبراو دەربڕیبوو.
بە ئاوڕدانەوە لە لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی ڕاگوزەر، بەتایبەتی جۆلانی، دەتوانین دوو جۆرە وتار لەیەکتر جیا بکەینەوە: یەکەم، گوتاری ئاراستەکراو بۆ جیهانی دەرەوە و دووەم، گوتاری پەیوەست بە ناوەوەی وڵات. چەندین جیاوازی بەرچاو لە نێوان ئەم دوو ئاستەدا هەیە؛ لە کاتێکدا لەسەر ئاستی دەرەوە باس لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی و گشتگیر بۆ هەموو سوورییەکان دەکرێت، قەیرانە بەردەوامەکانی باکووری ڕۆژهەڵات و باشووری وڵات وەک دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هەڵوێستەکانی “ئەوانی دیکە” دەخرێنەڕوو؛ لەوانەش "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە)، درووزەکان لە سووەیدا و ئیسرائیل.
شانبەشانی ئەم ڕەوتە، نەبوونی ڕوون و ئاشکرای هەر چەشنە وتارێکی سازشکاری بەکۆمەڵ، بەتایبەتی لەژێر کاریگەری گرژییە تائیفییە باوەکانی سووریا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و کەنار دەریا، کە دەتوانێت ڕێگا بۆ یەکگرتنەوەی وڵات خۆش بکات یان خێراتر بکات، دەبینرێت. لەم چوارچێوەیەدا، «هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی» (هێزە خۆبەڕێوەبەرییەکانی درووزەکانی سووەیدا) وەک «گرووپە نایاساییەکان» وەسف دەکرێن و دەیان حاڵەتی هاندانی تایفەگەری لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا تۆمارکران کە دوای بانگەوازەکەی جۆلانی بۆ هاتنە سەر شەقامەکان هاتە ئاراوە. لەوانە سووکایەتیکردن بە کورد و درووز و عەلەوییەکان، بەڵام حکومەتی ڕاگوزەر ڕێوشوێنی کاریگەرانەی نەگرتەبەر بۆ سنووردارکردنی ئەو ڕەفتارانە، ئەمەش دژایەتییەکی ڕوونە لەگەڵ لێدوانە دەرەکییەکانی دەسەڵاتداران سەبارەت بە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ هەموو سوورییەکان.
ئەم سیاسەتانە لە بەرامبەردا نیشانەیەکی هۆشدارین بۆ چەندین قەیرانی ئێستا و داهاتوو؛ قەیرانەکان کە بەهۆی وتاری بەردەوامی تائیفی قووڵتر دەبنەوە.
هەروەها جۆلانی لە میانەی وتارەکەیدا لە دۆحە جەختی لەوە کردەوە کە سووریا «هەمیشە مۆدێلێک بووە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بە درێژایی مێژوو، ئەم وڵاتەش چەندین وانەی بۆ هەموو جیهان دابین کردووە کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ یەکتردا پێکەوە بژین».
سەرەڕای ئەو دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەی کە سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد تووشی بوو و بە سەرنجدان بەوەی کە ئەم دابەشبوونە سرووشتی تائیفیی وەرگرت، جۆلانی پێی وایە کە «هەموو چین و توێژەکانی نەتەوەی سووریا بەشدارییان لە شۆڕشەکەدا کردووە».
هەروەها جۆلانی لە چوارچێوەی پاساودانی ڕووداوە خوێناوییەکانی سووەیدا لە مانگی تەمموز و لە ناوچەی کەنارەکانی سووریا لە مانگی ئازاردا، ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی پێکهێناوە و شاندی نێودەوڵەتی قبوڵکردووە و دادگاکانی دامەزراندووە و تاوانبارانی دادگایی کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، «ئەمانە دیاردەی نەرێنین، بەڵام سەرەڕای توندییان، سنووردار بوون. ئێمە پاساویان بۆ نادەین، بەڵکو بە تووندی سزای تاوانبارانیان دەدەین.»
بەڵام کردەوەی ئەو لیژنانە و دەرئەنجامی بەدواداچوونەکانیان، چ سەبارەت بە سروشتی لێکۆڵینەوەکان و گێڕانەوەی فەرمی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم ڕووداوانە، کە زیاتر لە سێ هەزار قوربانی بەجێهێشتووە، ڕەخنەی بەرفراوانی لێ گیراوە. لە ڕاستیدا ڕێبازێکی لەو شێوەیە لە لایەن حکومەتی ڕاگوزەرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاسانکاری بۆ پرۆسەی جموجۆڵەکانی ئیسرائیل لە باشووری سوریا کردووە؛ چونکە تەلئەبیب هەوڵدەدات پلانێکی نوێی کاریگەر دابڕێژێت و هەوڵدەدات ئەم پلانە بەشێکی لە ڕێگەی داگیرکاری و بەشێکیش لە ڕێگەی پشتیوانی لە دامەزراندنی ئیدارەیەکی خۆسەر لە سووەیدا بەرەوپێش ببات.
بە کورتی، چاوخشاندنێکی بێلایەنانە لە وتاری حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، کە ڕژێمی پێشووی کردووە بە «بیانوو»ی هەمیشەیی بۆ پاساودانەوەی هەڵەکان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم پێکهاتە سیاسییە ڕاستەوخۆ سیاسەتی میدیایی هەمان ڕژێم بەرهەم دەهێنێتەوە؛ ڕژێمێک کە هەمیشە هەموو کێشەکانی بۆ «گرووپە تیرۆریستییەکان» دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە. ئەم سیاسەتەی نوێیە
ئاماژەیە بە زنجیرەیەک قەیرانی ئێستا و داهاتوو؛ قەیرانەکان کە بەهۆی گوتاری تائیفی و پرۆسەی بەردەوامی پۆلێنکردنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای «کێ شۆڕشی دروستکردووە و کێ نەیکردووە» خراپتر دەبن.
ئەزموونی ڕژێمی پێشوو کە ئێستا سووریا ئاهەنگی ڕووخانی دەگێڕێت، سەلماندوویەتی کە ئەم ڕێگایە بەرەو ئاڵۆزییە مەترسیدارەکان دەڕوات؛ کە لە لایەک زەمینە بۆ بەردەوامی خوێنڕشتن خۆش دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە بناغەکانی دەسەڵاتی حکومەتی ڕاگوزەر تێکدەدات، بە تایبەت لە دۆخێکدا کە ئەم حکومەتە بە هەموو ئامرازە بەردەستەکانیەوە هەوڵ دەدات خۆی وەک حکومەتی هەمیشەیی وڵاتێک بچەسپێنێت کە دامەزراوەکانی کەوتوونەتە وێرانکارییەکی بەرفراوانەوە.