جام کوردی - ئیستەر لە سەر شۆستەکانی لاگۆس خەوتبوو، ژنێک لێی نزیک بووەوە و بەڵێنی ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لە نەیجیریا و گەیشتن بە کار و ماڵێک لە ئەوروپا پێدا.
ئەو هەمیشە خەونی بە ژیانێکی نوێیەوە دەبینی، بەتایبەتی لە بەریتانیا. لەو ماڵەی کە بە منداڵی خۆیان وەریانگرتبوو و پڕ بوو لە توندوتیژی و ئازار فڕێدرابووە دەرەوە و ئیدی هیچ هۆکارێکی نەبوو بۆ مانەوە.
بەڵام کاتێک لە ساڵی ٢٠١٦ لاگۆسی بەجێهێشت تاکوو بە پەڕینەوە لە بیابانەکان بگاتە لیبیا، هیچ بیرۆکەیەکی نەبوو لەوەی لە ڕێگاکەدا چی چاوەڕێی دەکات: گەشتێک کە پڕ بوو لە زەبر و زەنگی سۆزداری و دەروونی، لەشفرۆشی زۆرەملێ و ساڵانێک داوای پەنابەری لە وڵاتێک لە دوای وڵاتێکی دیکە.
زۆربەی کۆچبەرە نایاساییەکان و پەنابەران پیاون - بەپێی داتاکانی ئاژانسی ئەورووپی پەنابەران نزیکەی لەسەدا ٧٠ - بەڵام ژمارەی ئەو ژنانەی وەک ئیستەر کە بۆ داوای پەنابەری سەریان هەڵدەگرن بەرەو ئەورووپا، لە زیادبووندایە.
ئیرینی کۆنتۆجانیس لە نووسینگەی لیژنەی ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی لە ئیتاڵیا دەڵێت: «ئێمە دەبینین ژمارەی ئەو ژنانەی کە بە تەنیا گەشت دەکەن، چ لە ڕێگای دەریای ناوەڕاست و چ ڕێگای بەڵکان زیاد دەکات.»
ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەریدەخات کە ساڵانە ژمارەی ئەو ژنە پێگەیشتووە سینگڵانەی کە لە ڕێگای بەڵکانەوە دەچنە ناو ئیتاڵیا بە ڕێژەی لەسەدا ٢٥٠ زیادیکردووە، لە کاتێکدا هاتنی خێزانەکان بە ڕێژەی لەسەدا ٥٢ زیادیکردووە.
ڕێگاکانی کۆچکردن زۆر مەترسیدار و ناپارێزراون. ساڵی ڕابردوو ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی باسی گیانلەدەستدان یان بێسەروشوێنبوونی سێ هەزار و 419 کۆچبەری لە ئەورووپا کردبوو، بەمەش کوشندەترین ساڵ بوو کە تۆمارکرا.
بەڵام بۆ ژنان، مەترسییەکی دیکەش هەیە: توندووتیژی و ئیستغلالکردنی سێکسی. ئەم ڕووداوە بەسەر ئیستەریشدا هات، چونکە ئەو ژنەی بەڵێنی ژیانێکی باشتری پێدا، خیانەتی لێکرد.
ئیستەر دەڵێت: «لە ژوورێکدا حەپسی کردم و پیاوێکی هێنا. ئەو منی ناچاری کرد سێکسی لەگەڵدا بکەم. من هێشتا کچ بووم. کاریان هەر ئەوەیە... دەچنە گووندە جیاوازەکانی نەیجیریا، کچە گەنجەکان کۆدەکەنەوە و دەیانهێننە لیبیا بۆ ئەوەی ببنە کۆیلەی سێکسی.»
ئۆگوچی دنیێڵز لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بە بی بی سی وت« ئەزموونی ژنان جیاوازە و زۆرجار مەترسیدارتر. تەنانەت ئەو ژنانەی بە گرووپ گەشت دەکەن، زۆرجار لە پشتیوانی بەردەوام بێبەش دەبن و بەرەوڕووی دەستدرێژی قاچاخچییەکان، ڕفێنەران یان کۆچبەرانی دیکە دەبنەوە.»
زۆرێک لە ژنان ئاگاداری مەترسییەکانی ئەم ڕێگایەن، بەڵام ئەوەندە هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن کە بەم ڕێگایەدا دەڕۆن. کاندۆم لەناو جانتاکانیاندا دەنێن یان تەنانەت ڕێگری لە دووگیانی درێژخایەنیان لە جەستەیاندا دەچێنن بۆ ئەوەی لە ئەگەری دەستدرێژیکردنە سەریان لە دووگیانی نەخوازراو بپارێزرێن.
هێرمێن گابدۆ لە تۆڕی دژە قاچاخچێتی ستێلا پۆلار دەڵێت: «هەموو کۆچبەران دەبێت پارە بدەن بە قاچاخچییەکان، بەڵام زۆرجار چاوەڕوان دەکرێت ژنان بەشێک لەو تێچوویە بە پەیوەندی سێکسی بدەن.»
خاتوو گابدۆ پشتگیری لەو ژنانە دەکات کە دەگەنە شاری بەندەری تریێستە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیتاڵیا، شارێک کە لە مێژە چوارڕێیانی کولتوورەکان بووە و ئێستا یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی چوونە ناو یەکێتی ئەوروپایە بۆ ئەوانەی لە ڕێگای باڵکانەوە خۆیان دەگەرێنە ئەم شارە. لەوێشەوە بەردەوام دەبن بۆ وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا.
دوای چوار مانگ لە ئیستغلالکردن لە لیبیا، ئیستەر هەڵهات و بە بەلەمێکی بچووکی باییەوە دەریای ناوەڕاستی تێپەڕاند. پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ئەو و سەرنشینەکانی دیکەیان ڕزگارکرد و بردیانە دوورگەی لامپێدوسا.
سێ جار داوای مافی پەنابەری کردووە پێش ئەوەی دواجار وەک پەنابەر وەربگیرێت.
زۆرجار داواکاری پەنابەری ئەو کەسانە ڕەتدەکرێتەوە کە لە وڵاتانێکەوە دێن کە بە «سەلامەت» دادەنرێت. لەو کاتەدا ئیتاڵیا نەیجیریای بە وڵاتێکی نائارام دەزانی، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو هەڵسەنگاندنەی گۆڕی.ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدا هات کە حکومەتەکانی سەرانسەری ئەورووپا دەستیان کرد بە تووندکردنەوەی یاساکانیان لە وەڵامی ئەو لێشاوە گەورەیەی کۆچبەران لە ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٦. لەو کاتەوە، ئەو دەنگانەی کە داوای سنووردارکردنی زیاتری داواکاری مافی پەنابەری دەکەن، بەرزتر بووە.
نیکۆلا پرۆکاچینی، پەرلەمانتاری ئیتاڵیا لە پارتی ڕاستڕەوی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت: « بەردەوامی ئەم ئاستە لە کۆچی بەکۆمەڵ مەحاڵە. ئێمە دەتوانین گەرەنتی ژیانێکی سەلامەت بکەین بۆ ئەو ژنانەی کە بەڕاستی لە مەترسیدان، بەڵام نەک بۆ هەموویان.»
ڕەکیب ئیحسان، توێژەری باڵا لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی نەریتخوازی پالیسی ئکسچەنچ، هۆشداری دەدات و دەڵێت: «پێویستە ئێمە بەوردی بیر لە شتەکان بکەینەوە. پێویستە ئەولەویەت بدەین بەو ژنان و کچانەی کە مەترسی دەستبەجێیان لەسەرە لەو ناوچانەی کە شەڕیان تێدایە، ئەو شوێنانەی کە دەستدرێژی سێکسی وەک چەکی شەڕ بەکاردەهێنرێت.»
ئەو دەڵێت ئەم یەکەمایەتیکردنە لە ئێستادا بە شێوەیەکی تۆکمە جێبەجێ ناکرێت و سەرەڕای هاوسۆزی لەگەڵ ئەو ژنانەی کە ڕێگای مەترسیدار دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، دەڵێت «بابەتی سەرەکی شتێک لەسەر هاوسۆزییە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیدایە».
بەڵام زۆرێک لەو ژنانەی کە لە وڵاتانێکەوە دێن کە بە «سەلامەت» دادەنرێت، دەڵێن ئەو توندوتیژییەی کە تەنیا لەبەر ئەوەی ژنن ڕووبەڕووی بوونەتەوە ژیان لە وڵاتەکەیاندا بۆ ئەوان مەحاڵ کردووە.
ئەمە ئەو دۆخەیە کە بۆ نینا، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ لە کۆسۆڤۆ، هاتە ئاراوە.
ئەو دەڵێت «خەڵک پێیان وایە لە کۆسۆڤۆ هەموو شتێک باشە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، بارودۆخی ئافرەتان ترسناکە».
نینا دەڵێت هاوڕێ کوڕەکانی ئەو و خوشکەکەی دەستدرێژی سێکسییان لەگەڵدا دەکردوو و ناچاریان کردووە لەشفرۆشی بکات.
ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٩ی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا دەریدەخست کە لە سەدا ٥٤ی ژنانی کۆسۆڤۆ، لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە تووشی جۆرێک لە توندووتیژی دەروونی، جەستەیی، یان سێکسی بوون لەلایەن هاوبەشە سۆزدارییەکانی خۆیانەوە.
بەپێی «کۆنواسیۆنی ئەستەنبوڵ»ی ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئەو ژنانەی کە بەهۆی ئازار و ڕاوەدوونان لەسەر بنەمای توندوتیژی ڕەگەزی لە مەترسیدان مافی پەنابەرییان هەیە و ئەمەش مافێکە کە ساڵی ڕابردوو لە بڕیارێکی گرینگدا لەلایەن دادگای باڵای یەکێتی ئەوروپاوە پشتڕاستکرایەوە. کۆنواسیۆنەکە توندووتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بە توندوتیژی دەروونی، جەستەیی و سێکسی پێناسە دەکات، لەوانەش سەقەت کردنی ڕەگەزیی ژنان (خەتەنەکردنی کچان).
بەڵام بە وتەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، هێشتا بڕگەکانی ئەم کۆنواسیۆنە بە شێوەیەکی یەکسان جێبەجێ ناکرێت.
ماریان ئەنگوێنا کانا، بەڕێوەبەری تۆڕی ئەورووپی بۆ «کۆتاییهێنان بە سەقەت کردنی ڕەگەزیی ژنان» دەڵێت: «زۆرێک لە ئەفسەرانی پەنابەریی ئەو پیاوانەن کە بە شێوەیەکی گونجاو ڕاهێنراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسێکی وەها هەستیار [سەقەت کردنی ڕەگەزیی ژنان]؛ نە لە ڕووی پزیشکییەوە و نە لە ڕووی دەروونییەوە.»
بە وتەی ئەو زۆرێک لە ژنان ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی داواکاری مافی پەنابەری دەبنەوە تەنیا لەبەر ئەوەی بە پشتبەستن بە تێڕوانینێکی هەڵە، وادەزانن چونکە یەک جار سەقەت کردنیان لەسەر ئەنجامدراوە ئیتر مەترسییان لەسەر نییە.
ئەنگوێنا کانا دەڵێت: «ئێمە ڕووبەڕووی دادوەرانێک بووینەوە کە دەیانووت 'تۆ کە جارێک جەستەت بڕاوە، کەواتە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەت مەترسیدار نییە بۆت، چونکە ناتوانن جارێکی دیکە ئەو کارەت لەگەڵ بکەن.» کارێنتزا ئارنۆڵد، لە ڕێکخراوی خێرخوازی بەریتانی «ژنان بۆ ژنانی پەنابەر» دەڵێت زۆرجار سەلماندنی توندوتیژی سێکسی قورسە، چونکە وەک ئەشکەنجەدانی جەستەیی شوێنەواری برینێکی ئاشکرا بەجێناهێڵێت و ڕوونیدەکاتەوە کە تابۆ و هەستیاریە کولتوورییەکان بۆ ژنان پرۆسەکە قورستر دەکات.
ئارنۆڵد دەڵێت: "زۆرجار ژنان زۆر خێرا لە قۆناغەکانی بەدواداچوون تێدەپەڕندرێن و لەوانەیە ئەو توندوتیژییە سێکسییەی کە تووشی بوون ئاشکرای نەکەن بۆ ئەو ئەفسەری کۆچبەریەی کە ئەو ڕۆژە بۆ یەکەمجار چاویان پێی کەوتووە.»
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بە بی بی سی ڕاگەیاند کە بەشێکی زۆری ئەو توندوتیژیانەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە کاتی گەشتەکەیاندا ڕوودەدەن.
ئۆگوچی دانیێڵز دەڵێت: «زۆرجار ژنان لە توندووتیژیی هاوبەشی ڕەگەزیی ژیانیان لە وڵاتی خۆیاندا هەڵدێن و دواتر جارێکی دیکە هەمان ئەزموون لە ڕێگادا تێدەپەڕێنن.
ئەوەش هەمان شتە کە بەسەر نینا و خوشکەکەیدا هات لە ڕێگای هەڵهاتن لە کوڕە هاوڕێ ئازاردەرەکانیان لە کۆسۆڤۆ و هەوڵ بۆ دەسپێکردنی ژیانێکی نوێ لە ئیتاڵیا. ئەوان لەگەڵ چەند ژنێکی دیکەدا، بەناو دارستانەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵاتدا تێپەڕین و هەوڵیان دەدا خۆیان لە پاسەوانانی سنوور بپارێزن. ئەم خوشکانە دەڵێن لەوێدا لەلایەن کۆچبەران و قاچاخچییەکانی پیاوەوە کراونەتە ئامانج.
نینا بیری دێتەوە و دەڵێت: «تەنانەت لەو سەرەوە لە شاخەکان و لە تاریکیدا، گوێت لە هاوارەکان بوو. پیاوان بە چرای دەستیەوە دەهاتنە لای ئێمە و ڕووناکیان دەگرتە ڕووخسارمان، یەکێکیان هەڵدەبژارد و دەیانبردە قووڵایەکانی دارستانەکەوە.»
ئەو دەڵێت: «شەوان گوێم لە گریانی خوشکەکەم بوو کە بۆ یارمەتی دەپاڕایەوە.»
نینا و خوشکەکەی بە دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیایان ڕاگەیاندووە، ئەگەر بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان کوڕە هاوڕێ پێشینەکانیان دەیانکوژن. دواجار داوای مافی پەنابەرییان قبوڵ کرا.
بەڵام ڕێگای ئیستەر بۆ بەفەرمیی ناساندنی وەک پەنابەر زۆر درێژەی کێشا.
ئەو بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ داوای مافی پەنابەری لە ئیتاڵیا کرد، بەڵام دوای چەند مانگێک لە چاوەڕوانی، چووە فەرەنسا و دواتر ئەڵمانیا. لەوێدا داواکارییەکانی پەنابەری ڕەتکرانەوە چونکە بەپێی ڕێساکانی یەکێتی ئەورووپا، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، پەنابەر، دەبێت لە یەکەم وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا کە دەچنە ناوی، داوای پەنابەری بکات.
دواجار لە ساڵی ٢٠١٩ ئیستەر وەک پەنابەر لە ئیتاڵیا وەرگیرا.
دوای نزیکەی دەیەیەک لە جێهێشتنی نەیجیریا، ئەو هێشتا نازانێت ئایا ژیانی ئەمڕۆی لە ئیتاڵیا شایانی ئەو هەموو ئازارەی هەبووە یان نا. ئەو دەڵێت: «لەبنەڕەتدا تەنانەت نازانم بۆچی هاتووم بۆ ئێرە.»
سۆفیا بێتیتزا /بی بی سی